پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە رێگەی رووداوەوە هۆشداری لە بارەی دۆخی حەلەبەوە دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی حەلەب دەردەبڕن و حکومەتی وڵاتەکەیان بە بێدەنگی تۆمەتبار دەکەن. لە کاتێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، تەنیا پێنج خولەک دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی سوپای سووریا بۆ دەرچوونی خەڵک دیاریکردبوو، گەڕەکی شێخ مەقسوود وەکو "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیێندرا و ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاژێر 6:30ی ئێوارەی هەینی رایگەیاند، بە تۆپ و تانک، هێرشی سەر گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە دەستپێکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود راگەیاند و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە.
سوپای سووریا نەخشەی چەند خاڵێکی بۆ بەئامانجگرتن بڵاوکردووەتەوە، کە ئاسایشی ناوخۆی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەلەب دەڵێت نەخۆشخانەی خالید فەجریشی تێدایە و ئەوە بە "تاوانی جەنگ" ناو دەبات.
"ترس لە رێککەوتنێکی قێزەون"
هاوکات لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە حەلەب، پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە لێدوانەکانیاندا بۆ رووداو، رەخنە لە بێدەنگیی بەرلین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرن.
یان ڤان ئاکن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چەپ (Die Linke) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک تێناگات" بۆچی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی روونی نەبووە و گوتی: "حکومەتی ئێستای سووریا هێرش دەکاتە سەر گەڕەکەکانی حەلەب. ئەم شەڕە دژی ئەو کوردانەیە کە لەوێ دەژین. بێگومان پێویستە ئەمە سەرکۆنە بکرێت."
ڤان ئاکن ترسی خۆی لە هەبوونی "رێککەوتنێکی قێزەون"ی ژێربەژێر لەنێوان بەرلین و دیمەشق نیشاندا بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و گوتی: "ترسی من لەوەیە رێککەوتنێکی قێزەون کرابێت، یان بیرۆکەیەکی قێزەون لەلایەن فرێدریش مێرتس دروست بێت و بڵێت: "ئێمە وا بیردەکەینەوە کە لە سووریا ئاشتی هەیە و خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو وڵاتە دیپۆرت دەکەینەوە." بەڵام پەرلەمانتارەکە جەخت دەکاتەوە کە "ئێستا لەوێ شەڕە، نابێت هیچ کەسێک بۆ ئەوێ بگەڕێندرێتەوە."
هەروەها داوای لە ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە بە ئاشکرا هێرشەکان سەرکۆنە بکات.
هەڵوێستی پارتە دەسەڵاتدارەکان
لەلایەکی دیکەوە، دەریا تورک – ناخباوەر، گوتەبێژی فراکسیۆنی کرستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا (CDU) بە رووداوی راگەیاند، ئەوان بە "نیگەرانییەکی گەورەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
دەریا تورک گوتی: "ئەمە بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە، چونکە دەبینین کەمینەکان لە سووریا، وەکو پێشوو هێرشیان دەکرێتە سەر، بەپێچەوانەی هەموو ئەو بەڵێنانەی کە گوایە لە بونیادنانەوە و بەڕێوەبردنی سووریادا بەشدار دەبن، هێشتا جێبەجێ نەکراوە."
سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیی حکومەتی ئەڵمانیا بە حکومەتی سووریاوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری دەرەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و گوتی: "دڵنیام قسەی روون دەکرێت. دەرکردنی بەزۆر و هێرشکردن، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
150 هەزار ئاوارە و دەیان کوژراو
شەڕ و پێدادانەکان کە لە رۆژی سێشەممەوە لەنێوان هێزەکانی حکومەت و ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان دەستیپێکردووە، بە تووندترین شەڕ دادەنرێت لەدوای رووخانی حکومەتی پێشوو لە کۆتایی 2024. ئەم گرژییانە دوای شکستھێنانی گفتوگۆکانی ئاداری 2025 دێت بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەنێو سوپای سووریادا.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 150 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون و چوار نەخۆشخانە لەکار کەوتوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو لای شەڕەکە، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.
هێزە کوردییەکان و ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە داواکارییەکانی سوپایان بۆ چەکدانان رەتکردووەتەوە و بە "بانگەواز بۆ خۆبەدەستەوەدان" ناویان بردووە، بەڵێنیانداوە بەرگری لە گەڕەکەکانیان بکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەریا تورک – ناخباوەر، گوتەبێژی فراکسیۆنی کرستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا:
رووداو: وەک ئاگادارن چەند رۆژێکە سوپای سووریا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و دۆخەکە زۆر خراپە، هەڵوێستی ئێوە چییە و پارتەکەتان چی دەڵێت؟
دەریا تورک – ناخباوەر: ئێمە بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەین. بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەم پێشهاتە دەکەین. دەبینین هەزاران کەس هەڵدێن، حەلەب جێدەهێڵن و خەڵک بێچارەن. ئەمە بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، چونکە دەبینین کەمینەکان لە سووریا، وەکو پێشوو، بەپێچەوانەی هەموو ئەو بەڵێنانەی کە گوایە لە بونیادنانەوە و بەڕێوەبردنی سووریادا بەشدار دەبن، هێشتا جێبەجێ نەکراوە. ئێمە فراوانبوونی تووندوتیژییەکان دەبینین، دەستدرێژی بۆ سەر درووز، عەلەوی و کوردەکان دەبینین. ئەمەش لە بەرژەوەندیی ناوچەیەکی ئارامدا نییە.
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا هیچ هەڵوێستێکی روونی نەبووە سەبارەت بەو تووندوتیژیانەی لە حەلەب روودەدەن؟
دەریا تورک – ناخباوەر: ناتوانم وا بڵێم. ئێمە وەکو فراکسیۆن سەرکۆنەی دەکەین، لە زۆر شوێن ئەوەمان کردووە. پێویستە بنەماکانی دەوڵەت بپارێزین یان بەهێزی بکەین، بۆ ئەوەی دیموکراسی لەوێ پەیدا ببێت. بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی شەرعە، داوای لێدەکرێت و دەبێت کار بۆ ئەوە بکات تاوەکو ئەو دەوڵەتە بە ئاشتی و یەکگرتوویی بمێنێتەوە.
رووداو: بەڵام ئەوە ئێستا لە سووریا جێبەجێ ناکرێت. بە پێچەوانەوە، هێرش دەکرێتە سەر کورد و ژیانیان لە مەترسیدایە. جیهانیش تەماشە دەکات کە چۆن کورد جینۆساید دەکرێن. بۆچی؟
دەریا تورک – ناخباوەر: پێویستە هەڵوێستی روون ببیندرێت و پەیوەندی بە شەرعەوە بکرێت. قسەکەم دووبارە دەکەمەوە، بەرپرسیارێتی لەلای ئەوە، ئەو وەک سەرۆکی کاتی بەڵێنی بە گەلەکەی داوە، کە هەموو خەڵک بتوانن بە مافی یەکسان و بە ئاشتی لەو وڵاتەدا بژین. ئەگەر ئەمە نەکرێت، پێویستە هاوکاری بۆ خۆی پەیدا بکات بۆ ئەوەی دیموکراسی جێبەجێ بکرێت. بە ستەمکاری ئەمە ناکرێت.
رووداو: باشە ئەم هێرشانانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی نییە؟
دەریا تورک – ناخباوەر: دەرکردنی بەزۆر، هێرشکردنە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان؛ نابێت ستەم لە کەمینەکان بکرێت، نابێت دەربکرێن. پێویستە ئەوانیش وەکو هەمووان ئەو مافانە وەربگرن.
رووداو: لەو باوەڕەدان حکومەتی ئەڵمانیا قسە لەگەڵ حکومەتی سووریا بکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە؟
دەریا تورک – ناخباوەر: وەزیری دەرەوە ئەوە هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام دڵنیام کە قسەی روون دەکرێت.
دەقی هەڤپەیڤنی رووداو لەگەڵ یان ڤان ئاکن، سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا
رووداو: ئێوە وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چەپەکان چی دەڵێن لە بارەی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، کە هەزاران کەس بەو هۆیەوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە و هەزارانی دیکە ناچار بوون ناوچەکانیان جێبێڵن؟ بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرای نەبووە؟
یان ڤان ئاکن: بەهیچ شێوەیەک تێناگەم بۆچی حکومەتی فیدراڵ[ی ئەڵمانیا] تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی روونی لەوبارەیەوە نەداوە. حکومەتی ئێستای سووریا هێرش دەکاتە سەر گەڕەکەکانی حەلەب. ئەم شەڕە دژی ئەو کوردانەیە کە لەوێ دەژین. بێگومان پێویستە ئەمە سەرکۆنە بکرێت. ئێستاش ئورسولا ڤۆن دێر لاین [سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا] لەوێیە و داوای لێدەکەم ئەویش بە ئاشکرا ئەمە سەرکۆنە بکات. ترسی من لەوەیە رێککەوتنێکی قێزەون کرابێت، یان بیرۆکەیەکی قێزەون لەلایەن فرێدریش مێرتس دروست بێت و بڵێت: 'ئێمە وا بیردەکەینەوە کە لە سووریا ئاشتی هەیە و خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو وڵاتە دیپۆرت دەکەینەوە'. ئێستا لەوێ شەڕە، شەڕ لەوێ دەکرێت. نابێت ئێستا هیچ کەسێک بۆ ئەوێ بگەڕێندرێتەوە.
وەرگێڕان: کەهی مەحموود
ئامادەکردن: بژار زوبێر
ئامادەکردن: بژار زوبێر