وەزارەتی بەرگریی سووریا: پاشماوەی رژێمی ئەسەد و چەکداری بیانی لەنێو شێخ مەقسوودن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا پاساوێکی نوێ بۆ هێرشەکەی سەر شێخ مەقسوود دەهێنێتەوە و رایدەگەیێنێت، زانیارییە هەواڵگرییەکان بوونی "پاشماوەی رژێمی پێشوو (بەشار ئەسەد)، پەکەکە و چەکداری بیانی"یان لەنێو گەڕەکەکان پشتڕاست کردووەتەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، "پێدانی مۆڵەتی دووبارە و پەلەنەکردن لە چوونەژوورەوە بۆ نێو گەڕەکەکان، لە چوارچێوەی پەرۆشییە بۆ سەلامەتیی سڤیلەکان و رێگریکردنە لە بەکارهێنانیان وەک کارتی گوشار و قەڵخانی مرۆیی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە هەسەدەوە."
وەزارەتی بەرگری تۆمەتی نوێ ئاراستەی هێزەکانی نێو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات و دەڵێت، "زانیارییە مەیدانی و هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە گرووپی چەکدار لەنێو شێخ مەقسوود هەن، کە پێکهاتوون لە چەکداری لەیاسا دەرچوو، پاشماوەکانی رژێمی پێشوو [رژێمی بەشار ئەسەد]، ئەندامی سەر بە پەکەکە و چەکداری بیانی."
لە کۆتایی لێدوانەکەدا هاتووە، جووڵەی سوپا بۆ پشتیوانیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ (سەر بە حکومەت) و یەکەکانی جێبەجێکردنی یاسایە، بە ئامانجی "سەپاندنی ئاسایش، گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێکەڵکردنەوەی تەواوەتیی گەڕەکەکە بە پێکهاتەی سرووشتیی شاری حەلەب."