سوپای عەرەبیی سووریا رێگەی نەدا مانگی سووری کوردی بچێتە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود
رووداو دیجیتاڵ
گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا رێگەیان نەدا کاروانی هاوکاریی مانگی سووری کوردی بچێتە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و لە دێر حافر گەڕاندنیانەوە.
دکتۆر دڵگەش عیسا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاروانەکەمان لە دێر حافر رێگریی لێکرا و گەڕێندراینەوە، سوپای عەرەبیی سووریا رێگرییان لێکردین بچینە هەردوو گەڕەکەکە و گوتیان: خۆمان بریندارەکانتان بۆ دەنێرین.''
نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاروانەکەی مانگی سووری کوردی بەرەو حەلەب بەڕێکەوت، بەڵام هەردوو هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی بۆ رووداو پشتڕاستیان کردەوە، رێگەیان نەدراوە بچنە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود.
دکتۆر دڵگەش عیسا دەڵێت، "بڕیاربوو بریندارەکانمان بۆ بنێردرێن و بیانبەینە نەخۆشخانەکانی ئیدارەی خۆسەر."
هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد دەڵێت، "کاروانەکەمان لە دێر حافر رێگریی لێکرا و گەڕێندراینەوە، کاروانەکەمان لە 15 ئەمبووڵانس پێکهاتبوو و ژمارەیەکی زیاتریش لە رێگەدا بوون.''
ئەو پزیشکە کوردە هەروەها دەڵێت، داوای هاوکارییان لە خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری سووریا کردووە بۆ رێگەدان و دەربازبوونیان بۆ هەردوو گەڕەکەکە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
راشیگەیاند، "کاروانەکەمان لە شاری تەبقە ماوەتەوە و چاوەڕێین رێگەمان پێبدرێت بچینە نەخۆشخانەی خالید فەجر و هاوکاریی برینداران بکەین.''
نەخۆشخانەی خالید فەجر کۆمەڵێک برینداری سڤیلی تێدا چارەسەر دەکرا، بەڵام وەڵات مەعمۆ، پزیشک لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، "دەرمان و چارەسەری پێویست نییە بۆ برینداران."
نەخۆشخانەکە لەلایەن خەڵکی سڤیلەوە وەکو پەناگەش بەکاردەهێندرێت، بەڵام بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بۆ رووداو نێردراوە، ئەو نەخۆشخانەیەش بۆردوومان کراوە و ئاگر لەنێویدا بەرز دەبێتەوە.