وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا تاوتوێی دۆخی حەلەب دەکەن؛ "رووبەڕووی هەڕەشە ئەمنییەکان دەبینەوە"
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا شەڕ لە حەلەب لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر بەردەوامە؛ وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لە "رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان" کردەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو وەزیر "تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی شاری حەلەب-یان کردووە،" هاوکات جەختیان لە "سەروەریی کۆماری عەرەبیی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی" کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر "بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە هەموو بوارەکان و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی دەست بۆ ئاسایشی سووریا دەبەن."
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکی هەستیاردایە، کە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) دەستپێکردووە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، "ئەگەر سووریا داوا بکات، ئامادەین پشتیوانییان بکەین."
سوپای عەرەبیی سووریا شێخ مەقسوودی وەکو "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە و بۆردوومانی چڕی دەکات. ئاسایشی حەلەب دەڵێت، بەرگری دەکەن، بەڵام دۆخی سڤیلەکان لە مەترسیی گەورەدایە و نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارە بوون، کە بەشێکی زۆریان روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا (عەفرین و ئەعزاز) کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هەردوولای شەڕەکە، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.