نوێنەری بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا: پێشوازی لە ئاگربەستی کاتی لە حەلەب دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، پێشوازی لە ئاگربەستی کاتی لە حەلەب دەکەن و نایانەوێت چی دیکە ببینن کە هاووڵاتییانی سڤیل ببنە قوربانی.
 
رۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2025، ئان سنۆو، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، "پێشوازی لە ئاگربەستی کاتی لە شاری حەلەب دەکەم و هانی هەموو لایەنەکان دەدەم بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، بە ئامانجی ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل چی دیکە نەبنە قوربانی تووندوتیژییەکان". 
 
سنۆو جەختی لەوەش کردەوە کە "بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ کرد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار".
 
ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گەرمی پێشوازی لەو ئاگربەستە کاتییە دەکات کە شەوی رابردوو لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مه‌قسوودی حەلەب هاتە ئاراوە. 
 
باراک سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد، لەوانە حکومەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەو دانبەخۆداگرتن و نیەتە باشەی کە بووە هۆی راگرتنی شەڕ.
 
هەر لە چوارچێوەی ئەم ئاگربەستەدا، شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە کە لە کاژێر 3ی بەیانی بۆ 9ی بەیانی ئاگربەست راگەیەندراوە و رێگە بە دەرچوونی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەدرێت. 
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بە چڕی کار دەکەن بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە و ئەو گیانی لێک تێگەیشتنەی دروستبووە بۆ دوای مۆڵەتی کاژێر 9:00ی بەیانی. باراک ئومێدی خواست کە بە هەماهەنگیی بەردەوام، ئەم کۆتایی هەفتەیە ئارامییەکی بەردەوامتر و دیالۆگێکی قووڵتر لە ناوچەکە بەدی بهێنێت.
 
لە سێشەممەوە هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیپێکردووە کە دانیشتووانەکەی زۆرینە کوردن.