بزووتنەوەی نوجەبا: هێرشکرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە سووریا

رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی نوجەبا و سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، "سێ مووشەک ئاراستەی کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە پارێزگەی دێرەزوور کراون."
 
شەوی هەینی، 9-2-2024، بزووتنەوەی نوجەبا، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە ئێکس بە ناوی (مقاوەمەی ئیسلامیی نوجەبا) بڵاویکردەوە، "مقاوەمەی عێراقی هێرشی کردە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە پارێزگەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا."
 
ئەو گرووپە هەروەها دەڵێن، "هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە."
 
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا هێرشەکەیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند، "گرووپەکانی سەر بە ئێران سێ مووشەکیان ئاراستەی دەوروبەری بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ کرد و تا ئێستا هیچ ئامارێکی کوژران و برینداربوون نییە."
 
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوەش دەکەن لە 19-10-2023ـەوە لانیکەم 112 هێرش لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە کراون کە بەمجۆرەیە: 30 هێرش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی عومەر، 16 هێرش بۆ سەر بنکەی شەدادی لە پارێزگەی حەسەکە، 30 هێرش بۆ سەر کێڵگەی کۆنیکۆ، 17 هێرش بۆ سەر بنکەی خەرابجیر لە رومێلان، 13 هێرش بۆ سەر بنکەی تەنەف، دوو هێرش بۆ سەر بنکەی تەل بەیدار لە حەسەکە، دوو هێرش بۆ سەر بنکەی روباریا لە مالیکیە، هێرشێک بۆ سەر بنکەی قەسرەک لە حەسەکە و یەک هێرشیش بۆ سەر بنکەی ئیستراحات وەزیر لە حەسەکە.
 
دوایین هێرش بۆ سەر بنکەی کۆنیکۆ لە 5-2-2024 بوو، ئەوکات هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە کە بە هاوبەشیی ئەمریکا لەو کێڵگەیەن، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوێنێ شەو بە درۆن هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر ئەکادیمیایەکی مەشق و راهێنان لە کێڵگەی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگەی دێرەزوور. هێرشەکە لە ناوچەکانی بەکرێگیراوانی رژێمی سووریاوە کراوە."
 
بە گوێرەی هەسەدە، "شەش شەڕڤان لەو هێرشە تیرۆریستییەدا شەهید بوون. مافی خۆمانە لەکات و ساتی دیاریکراودا، وەڵام بدەینەوە."
 
 دوای بەهێزبوونی داعش لە 2014، ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە هاوپەیمانێتییەکی بۆ شەڕی داعش دامەزراند و ئێستاش نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بنکەی تەنف هەیە.