کەنیسەکانی سووریا سەرکۆنەی 'کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلی بێتاوان' دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکردەکانی سێ کەنیسەی سەرەکیی کریستیانەکانی سووریا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا و چەکدارانی لایەنگری ئەسەد دەرکرد و دەڵێن، "کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی بێتاوان" سەرکۆنە دەکەن، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیلی عەلەوی.
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە رۆژی پێنجشەممەوە 745 کەسی سڤیلی عەلەوی کوژراون و کۆی گشتیی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و 18 کەس، کە 125ـیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و 148ـیان چەکداری لایەنگری ئەسەدن. 
 
راگەیێندراوی هاوبەشی کەنیسەکانی سووریا دەڵێت: "لەم چەند رۆژەی دواییدا، سووریا هەڵکشانێکی مەترسیداری تووندوتیژی، دڕەندەیی و کوشتوبڕی بەخۆیەوە بینیوە و هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل، لە نێویاندا ژن و منداڵان."
 
پاتریارکەکانی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی، کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی سریانی و کەنیسەی کاسۆلیکی مەلەکیەتی یۆنانی واژۆیان لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە. 
 
وێڕای ئەوەی زۆربەی کریستیانەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی ساڵی 2011 وڵاتەکەیان جێهێشت، کۆمەڵەیەکی بچووکیان لە شاری لازقییە ماون کە چەقی تووندوتیژییەکانی ئەم دواییە بووە. 
 
کەنیسەکان دەڵێن: "کەنیسەی کریستیانەکان لە کاتێکدا بە تووندی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتەوایی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکات، لە هەمانکاتدا بە کۆمەڵ کوشتنی خەڵکی سڤیلی بێتاوان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بەم کارە تۆقێنەرانە بهێنرێت کە دژی هەموو مرۆیی و ئەخلاقییەکانە."
 
شێخ حیکمەت هاجری، سەرکردەی رۆحیی دروزەکانیش داوایکرد کۆتایی بە تووندوتیژی بهێنرێت.  ئەو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەو ئاگرەی بە درووشمی تایفی هەڵگیرساوە، هەموو سووریا و خەڵکەکەی دەسووتێنێت."
 
بەشار ئەسەد، عەلەوی بوو. 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا، دوای ئەوەی کە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە (ئێستا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە) و هاوپەیمانەکانی هەموو شارەکانیان کۆنترۆڵکرد.
 
ئێستا حکومەتێکی راگوزەر لە دیمەشق پێکهێنراوە، ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککۆماری دەستنیشانکراوە. 
 
حکومەتە راگوزەرەکە لێخۆشبوونی بۆ ئەندامانی پێشووی سوپای سووریا دەرکرد، بەو مەرجەی کە چەکەکانیان رادەستبکەن. 
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەی ئەم جارە ئەوە بووە کە ژمارەیەک چەکداری عەلەوی، بۆسەیەکیان بۆ هێزە ئەمنییەکانی سووریا داناوەتەوە و  ژمارەیەکیان لێ کوشتوون.