ئەڵمانیا لەبارەی سووریا: پێویستە لایەنەکان کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی سووریاوە رایگەیاند، پێویستە لایەنەکان کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بێنن و حکومەتی راگوزەریش بەرپرسە لە رێگریکردن لەو هێرشانە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی شەڕی حکومەتی سووریا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان رایگەیاند، "حکومەتی راگوزەر بەرپرسە لە رێگری لە هێرشەکان، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسن." دەشڵێت، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنن.
لە رۆژی پێنجشەممەوە، لە هەردوو پارێزگای لازقییە و تەرتووس کە دانیشتووانەکەی زۆرینە عەلەوین، پێکدادانێکی قورس و خوێناوی لەنێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و چەند گرووپێک روویدا کە دەگوترێت لایەنگری دەسەڵاتی ئەسەدن. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو رۆژەوە نزیکەی هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.
ئاژانسی ئەورووپی بۆ کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی پاشماوەکانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچە کەناراوییەکان و هەموو تووندوتیژییەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل دەکات".
ئاژانسە ئەورووپییەکە دەڵێت: "بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ؛ پێویستە لە هەموو دۆخێکدا هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراوبن". ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تائێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتیی سڤیلی عەلەوی کوژراون.
دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە "دڵنیایی لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بدرێت کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی راستییەکانی پشت ئەو تاوانانە و دەبێت تاوانباران سزا بدرێن".
عەلەوییەکان کەمینەیەکی ئاینیین و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەش لەوان بوو. لە 23.5 ملیۆن دانیشتووی سووریا نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆنیان عەلەوین.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنجشەممەی رابردووەوە هەزاران کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە دەربەدەر بوون کە بەشێکیان کریستیان بوون.
تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری راستەقینەی رووداوەکان چی بوون و چ لایەنێك دەستپێشخەر بووە؛ بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا هۆکارەکەی بۆ کوژرانی 15 ئەفسەری ئاسایش و پۆلیس لە بۆسەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگەی لازقییە گەڕاندەوە.