مەزڵووم عەبدی داوا دەکات ئەحمەد شەرع تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیل سزابدات

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، پێویستە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیلی عەلەوی لە رۆژئاوای وڵاتەکە، رووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە. 
 
مەزڵووم عەبدی، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، رۆڵی سەرەکییان لە کوشتارەکەدا هەبووە، "پێویستە ئەحمەد شەرع دەستوەردان بکات و کۆمەڵکوژی بوەستێنێت".
 
هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریا دەڵێن، لانیکەم 200 ئەندامیان لە شەڕ و پێکدادانی دژی چەکدارانی لایەنگری بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری رووخێنراوی وڵاتەکەوە کوژراون.
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕەکە کە خوێناویترینی دوای رووخانی ئەسەدە، رۆژی پێنجشەممە دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعیان خستنە بۆسەوە و ژمارەیەکیان لێ کوشتن. 
 
پێکدادانەکان گۆڕدران بۆ شەڕی تۆڵەسەندنەوە، کاتێک هەزاران پشتیوانکاری حکومەتی نوێی سووریا چەکیان هەڵگرت و بەرەو شارە کەنارییەکان رۆشتن بۆ ئەوەی پشتگیریی هێزە گەمارۆدراوەکانی حکومەت بکەن. 
 
 
روانگەی سووری دەڵێت، لە 72 کاژێردا، هەزار و 311 کەس کوژراون، لە نێویاندا 231 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا، 250 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 830 کەسی سڤیل.
 
مەزڵووم عەبدی داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات "پێداچوونەوە بە شێوازی پێکهێنانی سوپای نوێی سووریا و هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان بکات". دەشڵێت، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان رۆڵی خۆیان لەنێو سوپادا بەکاردێنن بۆ "دروستکردنی ململانێی تائیفی و تۆڵەسەندنەوە".
 
ئەحمەد شەرع سەرکردەی دەستەی تەحریری شامە کە سەرەڕمی رووخاندنی بەشار ئەسەد بوو. شەرع کانوونی دووەم بە سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا دەستنیشانکرا. 
 
سوپای پێشووی سووریا هەڵوەشێنرایەوە و گرووپە چەکدارەکان رازیبوون ببنە بەشێک لە سوپای داهاتووی نیشتمانیی سووریا. 
 
مەزڵووم عەبدی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەگەڵ شەرع سەبارەت بە چارەنووسی هەسەدە لە گفتوگۆدان.