هەسەدە: هێرشی گرووپە چەکدارەکان و رێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع یەکناگرنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەرمان و دەشڵێت: ئەم هێرشانە لەگەڵ رێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع یەکناگرنەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا کە گەلی سووریا و هەموو ئەو لایەنانەی پابەندن بە چارەسەری ئاشتییانە، چاوەڕوانی سەقامگیربوونی دۆخەکەن لەسەرانسەری سووریادا، کەچی ئەو گرووپانەی "لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت" و ئەوانەی لەژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدان، بەردەوامن لە پێشێلکاریی دووبارەی ئاگربەست لە چەندین ناوچەدا، لەوانە دێرەزور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر. ئەمە جگە لە جووڵەی گوماناوی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو رێککەوتنەیە کە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی هەردوو گەڕەکەکە و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشق لە رێککەوتی 1ی نیسانی 2025 واژۆ کراوە.
 
هەسەدە دەڵێت: گرووپەکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و چەکی قورسیان تێدا بەکارهێناوە، ئەمە سەرەڕای هێرشی زەوینی و هەوڵی پەڕینەوە لە رووباری فورات بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانمان لە دێرەزور. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، زیاتر لە 11 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون و زیانێکی گەورەش بە ناوچە سڤیل نشینەکان کەوتووە.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم دەستدرێژییانە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا یەکناگرێتەوە کە لە نێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و فەرماندەی گشتیی هێزەکانمان مەزڵووم عەبدی کراوە، بەتایبەتی کە کرۆکی ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستی تەواو، پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی چارەسەری سیاسی دامەزراوە."
 
هەسەدە دەڵێت، بە درێژایی ماوەی رابردوو پابەندی "خۆڕاگری" بوون و، "سەرەڕای دەستدرێژییەکان، سوور بووین لەسەر پاراستنی ئارامی، ئەمەش لە باوەڕمانەوە بوو بەوەی کە سەقامگیریی سووریا پێویستی بە هاوبەشییەکی راستەقینە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە."
 
"بەردەوامیی ئەم دەستدرێژییانە هەڕەشە لە متمانەی نێوانمان دەکات و لێکتێگەیشتنەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە، هەروەها هزری شەڕ زیندوو دەکاتەوە لە کاتێکدا کە سووریا لەوپەڕی پێویستیدایە بە دیالۆگ. حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم دۆخە هەڵدەگرێت."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات چەند داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی دیمەشق کردووە کە ئەمانەن:
 
1. داوا لە حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو لایەنە، هەروەها ئەو گرووپانەی "لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن"، دەکەین کە دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەکان رابگرن و پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە بن.
 
2. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە چاودێریی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و کار بۆ دڵنیابوونەوە لە رێزگرتن لە رێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.
 
3. ئێمە دەستی دیالۆگ و هاوکاری بۆ سووریایەکی ئارام و سەقامگیر درێژ دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەموو رێکارێکی پێویست بگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان.