بەشێکی پەنابەرانی سووریایی لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرانی سووریا لە دەروازەی بابولهەوا ریزیان بەستووە بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
محەممەد زین، هاووڵاتی سووریایی دەڵێ "من، لە سووریا هەڵاتم و هاتمە تورکیا، لەبەرئەوەی لە سووریا شەڕی نێوخۆ دروست بوو، هەروەها بەشار ئەسەد دەستیکرد بە کوشتنمان. من لە 2016ـەوە هاتوومەتە تورکیا، بەڵام ئێستا دەگەڕێمەوە سووریا. سوپاس بۆ خوا شەڕ کۆتاییهات."
لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکردووە، 3.4 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی تورکیا بوون، زۆربەشیان لە ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە نیشتەجێ بوون.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا دۆخی ئەمنیی سووریا یەکلایی نەبووەتەوە و گوزەرانی هاووڵاتیانی لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام بەشێکی ئاوارە و پەنابەران مکوڕن لەسەر گەڕانەوە.
سابر عەلی، هاووڵاتێکی دیکەی سووریایی دەڵێ "ئێمە زۆر دڵخۆشین، زۆر دڵخۆشین. نەک تەنیا من، بەڵکو هەموو سووریاییەکانی ئێرە دڵیان زۆر خۆشە. هەموومان دەگەڕێینەوە، هیچ کەسێکمان لێرە نامێنینەوە. هەمووان دەگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان. هەموو سوورییەکان ئێرە جێدەهێڵن."
جەنگی نێوخۆی سووریا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 7.2 ملیۆن کەس لەنێوخۆ و زیاتر لە 5 ملیۆن کەسیش کۆچیان کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر دۆخی سووریا لە ساڵی داهاتوو سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری سووریاییەکانی دەرەوە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.