فەرماندەیەکی ئاسایشی خۆسەر: بەرخۆدانمان بەردەوامە و داگیرکردنی شێخ مەقسوود رەتدەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سوپای عەرەبیی سووریا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە گوایە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە، فەرماندەیەکی ئاسایشی خۆسەر لەو گەڕەکانو دەڵێت، "ناڕاستە و بەرخۆدانمان بەردەوامە."
 
فەرماندەیەکی ئاسایشی هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب لە پەیامێکدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەرخۆدان هەیە، کە [سوپای عەرەبیی سووریا] دەڵێن گەڕەکانیان کۆنترۆڵکردووە دوورە لە راستییەوە".
 
فەرماندە کوردەکە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا کە کاژێر 10:30ی بەیانییە لە رۆژی شەممە 10ـی مانگ، شەڕ هەیە، بە هەموو چەکێکی قورس بۆردوومان دەکرێین، ئەگەر کۆنترۆڵیان کردووە بۆ بۆردوومانی کێ دەکەن؟ خۆ بۆردوومانی خۆیان ناکەن."
 
ئەو فەرماندەیەی ئاسایشی نێوخۆی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود گوتیشی، "ئێمە لێرەین و بەرخۆدان دەکەین، هەموو دەنگۆیەکی داگیرکردنی گەڕەکەکان رەتدەکەینەوە."
 
پێش قسەکانی ئەو فەرماندە سەربازییە کوردە، سوپای عەرەبیی سووریا بانگەشەی ئەوەی کرد، گوایە گەڕەکەی شێخ مەقسوودیان بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە و کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێناوە.
 
هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و  نزیکەی 160 هەزار کەسیش ئاوارە بوونە.