رۆژنامەڤانێک لە شێخ مەقسوودەوە: گەڕەکەکە کۆنتروڵ نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێک رەتیدەکاتەوە سوپای عەرەبیی سووریا گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەبی کۆنترۆڵ کردبێ و دەڵێت، ''شەڕڤانانی ئاسایشی ناوخۆ بە تووندی بەرگری دەکەن.''
ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 رۆژنامەڤانێک بەناوی (هۆزان) لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، لەبارەی دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە و گەڕەکەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.''
بە گوتەی هۆزان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە بەرگریکردن بەردەوامن و ''بە تووندی'' وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.
ئەو رۆژنامەڤانە لەکاتێکدا کە دەنگی تەقە دەبیسترا ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارەکان بە درۆن و چەکی قورس هێرش دەکەنە سەر نەخۆشخانەکانیش کە ژمارەیەکی زۆر برینداریان تێدایە و رێگە بە دەربازبوونیان نادەن.
بەیانیی ئەمڕۆ دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان لە شاری حەلەب بە تەواوەتی کۆتایی پێهێناوە و سەربازەکانیان بڵاوەپێکردووە. هاوکات میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، پێکدادان بەردەوامە.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئووردن و کەنەدا داوای راگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 دەکەن، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام بنبەستی سیاسی وایکردووە جارێکی دیکە "رێگەی شەڕ" لە حەلەب بێتەوە پێشەوە.