ئەوقافی سووریا زیاتر لە 20 مزگەوت بۆ ئاوارەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقافی سووریا رایگەیاند، زیاتر لە 20 مزگەوتی لە شاری حەلەب ئامادە و تەرخان کردووە بۆ حەواندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئاوارە بوون.
وەزارەتی ئەوقاف لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی حەلەب تەواوی ستافەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەییەوە و تاوەکو ئێستا پێشوازی لە زیاتر لە 400 خێزانی ئاوارە کراوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە. وەزارەت جەختی کردەوە، ئەمە ئەرکێکی ئایینی و مرۆییە و مزگەوتەکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ لێقەوماوان دەمێننەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی سووریا، حکومەت هێزەکانی هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان "کردووەتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایش." ئەمەش وای کردووە سوپاکە ئەو دوو گەڕەکە وەک ناوچەی سەربازی بناسێنێت. حکومەت دەڵێت، لەرێگەی دوو رێڕۆی مرۆییەوە سڤیلەکانی لە ناوچەکە گواستووەتەوە.
عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و تاوەکو هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ لیژنەی بەدەنگەوەچوونی حەلەب نەکەن، روو لەو دوو گەڕەکە نەکەنەوە، تاوەکو گەڕانەوەیەکی رێکخراو و ئارامیان بۆ دابین دەکرێت.
شەڕی شاری حەلەب لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. لە کاتێکدا سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی ناوچەکانی راگەیاندووە، لایەنی کوردی هۆشداری لە روودانی کۆمەڵکوژی دژی بریندار و سڤیلەکان دەدات.