سوپای عەرەبیی سووریا: ئۆپەراسیۆنی شێخ مەقسوودمان راگرت و دەکشێینەوە
رووداو - هەولێر
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب راگرتووە و ئەو هێزانەی لە نەخۆشخانەیەک گەمارۆدرابوون، رەوانەی تەبقە دەکرێن.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا کە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکە (سانا) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "لە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەنێو گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب راگیران."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو شەڕڤانانەی لەنێو گەڕەکەکە ماونەتەوە، لە راگەیێندراوەکەی سوپای عەرەبیی سووریادا هاتووە: "ئەوانەی کە لەنێو نەخۆشخانەی یاسین خۆیان حەشارداوە، چەک دەکرێن و بەرەو شاری تەبقە دەگوازرێنەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، دەست دەکەن بە رادەستکردنی سەرجەم ناوەندە تەندروستی و حکومییەکان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و "بەشێوەیەکی پلەبەندی لە شەقامەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکشێینەوە."