ئەمریکا و ئوردن داوای کشانەوەی "ئاشتییانەی" هەسەدە لە حەلەب دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد. لە کۆبوونەوەیاندا هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد، جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە کردەوە.
رۆژی شەممە 10-01-2026 سەفەدی و باراک لە عەممان بە تایبەتی باسیان لە دۆخی شاری حەلەب کرد و داوایان کرد، ئاگربەست جێگیر بکرێت و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە شێوەیەکی "ئاشتییانە" لە شارەکە بکشێنەوە، ئەمەش وەکو گەرەنتییەک بۆ پاراستنی ژیانی سڤیلەکان.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بە زوویی جێبەجێ بکرێت، کە تێیدا هەردوولایەنی حکومەتی سووریا و هەسەدە پابەندبوونی خۆیان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان دەربڕیبوو. هەروەها باسیان لە نەخشەڕێگەی کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوەیدا و سەقامگیرکردنی باشووری سووریا کرد، کە لە 16ی ئەیلوولی 2025دا پەسند کرابوو.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە سوپای سووریا تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی گەڕەکی شێخ مەقسوودی لە حەلەب راگەیاندووە، دوای پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ شەڕڤانان، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، کە ئێستا ئەمریکا و ئوردن جەختی لەسەر دەکەنەوە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەتی نوێی سووریادا.
شەڕی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە 06-01-2026 دەستیپێکرد. پێکدادانی تووند لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) دروست بوو.