پەرلەمانتارانی 4 پارتی ئەڵمانیا داوای کۆتاییهێنان بە "توندوتیژییە سیستماتیکەکان" لە سووریا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

چوار پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە پارتە جیاوازەکانی (سەوزەکان، CDU، پارتی چەپ و SPD) لە بانگەوازێکی هاوبەشدا، داوای کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی شاری حەلەب و پاراستنی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا دەکەن.

ئەو چوار پەرلەمانتارە کە بریتین لە ماکس لوکس (سەوزەکان)، جانسو ئۆزدەمیر (چەپ)، یۆهانیس ڤۆڵکمان (CDU) و سەردار یوکسێل (SPD)، لە بانگەوازەکەدا رەخنەی تووند لە حکومەتی کاتیی دیمەشق دەگرن و دەڵێن: "سوپای سووریا گەڕەکە کوردییەکانی وەک ناوچەی قەدەخەکراو راگەیاندووە و هێرشی سەربازی بە تۆپخانەی قورس و درۆن دەکات."
 
پەرلەمانتارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم "تووندوتیژییە سیستماتیکە" پێشتر دژی درۆزەکانی سوەیدا و مەدەنییە عەلەوییەکانی کەناراوەکانی سووریاش کراوە و ئێستا مەترسیی دروستکردنی کارەساتێکی مرۆیی دیکەی لێ دەکرێت. 
 
ماکس لوکس، گوتەبێژی مافی مرۆڤ لە پارتی سەوزەکان رایگەیاند: "پێویستە گوشاری نێودەوڵەتی بخرێتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا، چونکە حکومەتی کاتی لە هەر شوێنێک هەوڵی داگیرکاری بدات، پشێوی دروست دەکات."
 
یۆهانیس ڤۆڵکمان، پەرلەمانتاری CDU داوای کرد ئەگەر ئەم هێرشانە رانەگیرێن، ئەوا "لێکەوتەی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا دەبێت." هاوکات جانسو ئۆزدەمیر لە پارتی چەپ جەختی کردەوە، سووریا پێویستی بە ناوەندێتیی دەسەڵات نییە، بەڵکو پێویستی بە سیستمێکی ناناوەندی و پاراستنی پێکهاتەکان هەیە.
 
شەڕی شاری حەلەب لە 06-01-2026ـەوە لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدان کە حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، داوای کشانەوەی هێزە کوردییەکان دەکات.
 
لایەنی کوردی حکومەتی سووریا بە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 تۆمەتبار دەکات، کە بڕیار بوو لەڕێگەیەوە هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیاش جەخت دەکەنەوە کە سووریایەکی سەقامگیر تەنیا لە رێگەی ناساندنی فرەیی نەتەوەیی و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ کورد لەسەر بنەمای یەکسانی بەدی دێت.