هەسەدە بۆردوومانکردنی باڵەخانەی پارێزگای حەلەب و شوێنە سڤیلەکان رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێکی کردبێتە سەر ناوچە سڤیلەکانی حەلەب، لەنێویاندا بەئامانجگرتنی باڵەخانەی پارێزگای شارەکە بە درۆن. ئەمە لەکاتێکدایە شەڕ و پێکدادان ئاسایشی خۆسەر و هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا بەردەوامە و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا، ئەو دەنگۆیانەی بە "چەواشەکاری و بێ بنەما" ناو بردن کە باس لەوە دەکەن هێزەکانیان شوێنە سڤیلەکانی حەلەبیان کردبێتە ئامانج.
ئەم راگەیێندراوەی هەسەدە دوای ئەوە هات، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، درۆنێک کە دەگوترێت سەر بە هەسەدە بووە، باڵەخانەی پارێزگای حەلەبی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب؛ حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندن و هیندی قەباوەت، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تێیدا بەشدار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەلەب لە رێگەی ئاژانسی فەرمیی ساناوە سەرکۆنەی رووداوەکەی کردووە و بە "رەفتاری تاوانکاری" ناوی بردووە. بەرپرسانی حەلەب، هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکەن دامەزراوە حکومییەکان، تیمە میدیاییەکان و نەخۆشخانەکان دەکەنە ئامانج. هەسەدە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
لەدوای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی پارێزگاری حەلەب، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە بینای پارێزگاردا دەکێشێت و ئاگر بەرزدەبێتەوە pic.twitter.com/Z2tKoTCGe5
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 10, 2026
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە ساتی بەرکەوتنی درۆنێک بەر باڵەخانەی پارێزگای حەلەب لە نزیک گۆڕەپانی سەعدوڵڵا جابری نیشان دەدەن. هەژمارە نزیکەکانی حکومەت دەڵێن "درۆنەکە بۆمبڕێژکراو و دروستکراوی ئێران بووە"، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانی گیانی لەو هێرشە پشتڕاستنەکراوەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵەخانەکە کەوتووە.
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدایە، لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە هێرشی سوپای عەرەبیی سووری بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی چەکدارانی هەسەدە بە سیستمی بەرگریی ناوەندیی سووریا شکستی هێنا.
وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بۆ هێرشکردنە سەر سوپا و ناوچە سڤیلنشینەکان بەکاردەهێنێت. هەسەدە رەتی دەکاتەوە هیچ تیمێکی سەربازی لەو گەڕەکانەدا مابێت و تەنیا دەڵێت بە پێی رێککەوتنی 1ی نیسان، تەنیا هێزی ئاسایشی خۆجێیی لەوێ ماوە.
میدیای سەربە حکومەت باسی لەوە کردووە کە لە 6ی کانوونی دووەمەوە بەهۆی هێرشەکانی هەسەدەوە بۆ سەر گەڕەکەکانی مەیدان، بستان پاشا و فیردەوس، "دەیان کەس" کوژراون و بریندار بوون.
لە بەرامبەردا، هەسەدە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و هێزەکانی حکومەت بە بۆردوومانی هەڕەمەکی و بەئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیل، لەنێویاندا نەخۆشخانەکانی شێخ مەقسوود تۆمەتبار دەکات. بەرپرسانی کورد بانگەوازی چۆڵکردنی گەڕەکەکان بە هەوڵێک بۆ "پاکتاوی نەژادی" ناودەبەن، بەڵام بە مەرجی پێکهێنانی هێزێکی ئاسایشی خۆجێیی و ئەنجوومەنێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دوو گەڕەکە کوردنشینەکە، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ئەو هێزانەی ئێستا لە شێخ مەقسوود ماون، بیانگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات.
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە دۆخەکە نیشانداوە و داوای پاراستنی سڤیلەکان دەکات. بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکانەوە نزیکەی 30 کەس کوژراون و نزیکەی 150 هەزار کەسی دیکەش لە گەڕەکەکانی حەلەب ئاوارە بوون.