وەزارەتی دەرەوەی سووریا: ئۆپەراسیۆنەکەی حەلەب بۆ گۆڕینی دیموگرافی نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئامانجیان "جێبەجێکردنی یاسایە" نەک گۆڕینی دیموگرافی. هاوکات لە بەرامبەر رۆڵیان بۆ سەقامگیرکردن و هێورکردنەوەی دۆخەکە، وەزارەتەکە سوپاسی سەرۆک بارزانی و چەند وڵاتێک دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، حکومەت "ئۆپەراسیۆنی جێبەجێکردنی یاسای بە شێوەیەکی سنووردار" لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب کردووە.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هاتووە "یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)" پابەندی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نیسانی 2025 نەبوون و لە رۆژانی 7 و 8ی کانوونی دووەمی 2026 لەنێو گەڕەکەکانەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی دیکەی حەلەب و بوونەتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، تۆمەتگەلێک کە پێشتریش لە لایەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە رەتکراونەتەوە.
"ئامانج لێی کورد نییە"
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەخت دەکاتەوە ئەم دەستوەردانە "هەڵمەتێکی سەربازی نییە و هیچ گۆڕانکارییەکی دیموگرافی و جوگرافی لەخۆناگرێت".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکە هیچ پێکهاتەیەکی دیاریکراو لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایین ناکاتە ئامانج، تەنیا گرووپە چەکدارەکان دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەمنیی رێککەوتن لەسەرکراو کاردەکەن." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات "کۆمەڵگەی کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە حەلەب و هاوبەشی کاریگەرن لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا."
حکومەتی سووریا دەڵێت، هاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکە، "رێڕۆی مرۆیی ئارام"یان کردووەتەوە و لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکان هاوئاهەنگی دەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی تەقەمەنییەکان.
سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سوپاسی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، ئەمریکا، سعودیە، قەتەر، تورکیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەکات و دەڵێت: "سوپاسیان دەکەین بۆ رۆڵی کارا و بەرهەمداریان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی سووریا و پەرۆشی بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتییە لە تەواوی ناوچەکەدا."