پارێزگاری حەلەب: کار بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ شێخ مەقسوود دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب لە ئێکس رایگەیاند، بە شێوەیەکی مەیدانی و بۆ ماوەی 24 کاژێر پلان دانراوە بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
 
پارێزگاری حەلەب داوای لە هاووڵاتییان کرد بە تەواوەتی پابەندی ئەو رێنوێنییانە بن کە لەلایەن لایەنە تایبەتمەندەکانەوە دەردەچن. هەروەها جەختی کردەوە، قەدەخەی هاتووچۆ لەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە راگەیێندرابوو، تاوەکو کاتی دەرکردنی رێنوێنیی نوێ بەردەوام دەبێت.
 
غەریب داواشی لەو هاووڵاتییانە کرد کە بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارە بوون، نەگەڕێنەوە بۆ ئەو گەڕەکانە تاوەکو هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ "لیژنەی بەدەنگەوەچوونی حەلەب" نەکەن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان و گەرەنتیکردنی گەڕانەوەیەکی رێکخراو و ئارام بۆسەر ماڵ و حاڵیان.
 
ئەم هەوڵانەی پارێزگاری حەلەب دوای ئەوە دێن کە سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەڕەکی شێخ مەقسوودی لە شاری حەلەب راگەیاند. پێکدادانی نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان لە 06-01-2026 دەستیپێکرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون.
 
سوپای عەرەبیی سووریا ئاماژەی بەوە کردبوو، پڕۆسەی ئەمنی بۆ ماوەیەک بە سستی بەڕێوەدەچێت، چونکە مەترسیی مینڕێژکردنی شەقامەکان و بوونی "چەکداری حەشاردراو" لەنێو ماڵەکاندا هەیە. 
 
رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو سوپای نیشتمانیدا، بنەمایەکی سەرەکییە کە ئێستا لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوای جێبەجێکردنی دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە.