دیمەشق دەڵێت ئەنقەرە پشتیوانیی لە "کۆنترۆڵکردنی تەواوی" خاکی سووریا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کردووە و دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبیان تاوتوێکردووە. 
 
راگەیێندراوی وەزارەتەکە دەڵێت، وەزیری بەرگریی تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ "سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتی سووریا" بەسەر تەواوی خاکەکەیدا دووپات کردەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا "ژمارەیەک پرسی جێی بایەخی هاوبەش"یان تاوتوێ کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دواین پێشهاتەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب کردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: "یەشار گولەر پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی سووریا نیشانداوە لەپێناو سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی خاکی کۆماری عەرەبیی سووریادا."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزیری بەرگریی سووریا سوپاسی هاوتا تورکییەکەی کردووە بۆ هەڵوێستەکانی تورکیا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە پشتیوانیکردنی سووریا.
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوکاری کردووەتەوە، بەجۆرێک کە "یەکڕیزیی سووریا بپارێزێت و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی مسۆگەر بکات."