وەزارەتی وزەی سووریا، هەسەدە بە بڕینی ئاوی حەلەب تۆمەتبار دەکات و هەسەدەش رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزەی سووریا دەڵێت، بە رێنمایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاوی وێستگەی بابیر لە دەشتاییەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب گیراوەتەوە. هەسەدەش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، پرۆپاگەندەی چەواشەکارییە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی وزەی سووریا، کە ئێوارەی رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە، ئاوی وێستگەی بابیر گیراوەتەوە، کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە-دایە و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوە بۆ شاری حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری.
وەزارەتی وزەی سووریا دەڵێت، "راگرتنی ئاوەکە زیانی راستەوخۆی بە تەواوی پارێزگاکە گەیاندووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان هەبووە."
وەزارەتەکە، هەسەدە بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم "پچڕانە بە ئەنقەستە" دەزانێت و دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافە سەرەکییەکانیان، پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و نەریتە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە."
وەزارەتی وزەی سووریا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم کردەوانە هەڵبگرن "کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی خزمەتگوزاری و مرۆیی ملیۆنان هاووڵاتی دەکات."
بەڵام هەسەدە، تۆمەتەکانی حکومەتی دیمەشق لەبارەی راگرتنی ئاوی حەلەب رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی وزە لە حکومەتی دیمەشق ئاراستەی کردوون، دوورن لە راستییەوە و بەشێکن لە هەڵمەتێکی چەواشەکاری.
لە راگەیێندراوێکدا، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئاماژەی بەوەکردووە، دەستەی وزەی حکومەتی دیمەشق، بانگەشەی ئەوەی کردووە بەردانەوەی ئاو لە وێستگەی بابیر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، بە فەرمانی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگیراوە.
هەسەدە دەڵێت، "ئەو بانگەشانە دوورن لە راستییەوە و بەشێکن لە هەڵمەتێکی چەواشەکاریی سیستماتیک کە وەک ئامرازێک بۆ هاندان بەکاردەهێندرێن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کارپێکردن و هەناردەکردنی ئاو لە وێستگەی بابیر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و تیمە تەکنیکییەکانەوە دەکرێت کە لە دەرەوەی بواری کاری هێزەکانیاندایە.
هەسەدە، حکومەتی دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات پێشتر چەندین جار وێستگەکەی بە تۆپ بۆردوومان کردووە و دواتر هەوڵیداوە بەرپرسیارێتیی ئەنجامی کارەکانی بخاتە ئەستۆی کەسانی دیکە.
وێستگەی ئاوی بابیر
• یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ستراتیژییەکانی ئاو لە سووریا.
• شا دەمارێکی سەرەکییە کە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری حەلەب دابین دەکات، لەگەڵ رۆڵە گرنگەکەی لە ئاودێریکردنی رووبەرێکی فراوان لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا.
• لەگەڵ وێستگەی خەفسە، رۆژانە زیاتر لە 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ شاری حەلەب و دەوروبەری دابین دەکات.
• وێستگەکە دەکەوێتە سەر کەناری رۆژئاوای رووباری فورات (دەریاچەی ئەسەد) لە شارۆچکەی مەسکەنە، نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەبەوە دوورە.
• لە ناو وێستگەکەدا 14 پەمپی (ماتۆڕی ئاو) تێدایە.
• لە ساڵی 2024ـەوە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە.
• دوای رووخانی ئەسەد، هەسەدە کۆنترۆڵی ئەو وێستگەیەی کرد.