یەکێتیی ئەورووپا داوای جێبەجێکردنی ئاگربەست و پاراستنی سڤیلەکانی حەلەب دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنوەر حەنوونی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند، داوای کۆتایهێنان بە "دوژمنکارییەکان" لە ناوەوە و دەوروبەری شاری حەلەب دەکەن و جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش دەکەنەوە.
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، حەنوونی رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەو ئاگربەستەی کە ئەمڕۆ راگەیێندرا جێبەجێی بکەن و بەپەلە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی سیاسی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی."
ئاماژەی بەوەش کرد بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ زامنکردنی گواستنەوەی دەسەڵات و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا بایەخێکی زۆری هەیە.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەی لە بەردەوامیی توندوتیژییەکان لە حەلەب دەربڕی. وەزارەتەکە رایگەیاند: "هۆڵەندا بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات و پێشوازی لە ئاگربەستە کاتییەکان دەکات." هەروەها جەختی کردەوە کە سەقامگیری سووریا کلیلی رێگریگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن سێشەممەی رابردوو، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردەسەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە). هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو گەڕەکانە رووبەڕووی هێرشەکە بوونەوە و پێکدادان روویدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم شەڕ و پێکدادانانە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 140 بۆ 180 هەزار کەس. هەروەها تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 کەس کوژراون کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان گوشاری زۆر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان.