ئیلهام ئەحمەد هۆشداری لە "کۆمەڵکوژی" لە شێخ مەقسوود دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بە ئەنقەست دەکرێتە ئامانج. ئەو بەرپرسە باڵایەی کورد هۆشداریی دا، سەدان برینداری سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو ئەو نەخۆشخانەیەن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ دەرهێنانی بریندارەکان و رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی دژی ئەوان. هەروەها حکومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواوی ئەو دۆخە لە قەڵەم دا.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بانگەوازێکدا رۆژی شەممە 10-01-2026 ئاماژەی بەوە کردووە، لە یەکەم رۆژی هێرشەکانەوە نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆپبارانکردنی بەردەوامی نەخۆشخانەکە، وەک ناوەندێکی پزیشکیی مەدەنی، تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات، بەردەوامیی تۆپبارانەکان ژیانی نەخۆش، بریندار و تیمە پزیشکییەکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئەمەش مەترسیی روودانی کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکوژیی لێدەکرێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە حکومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم دۆخە لەقەڵەم دا.
ئەم هۆشدارییە نوێیە دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 09-01-2026 ئیلهام ئەحمەد رایگەیاندبوو، سەرەڕای رۆژانی پڕ لە تووندوتیژی لە حەلەب، کورد پابەندە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی سووریا کردوونی. ئەو کات ئیلهام ئەحمەد دەسەڵاتدارانی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی، بە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان، "رێگەی شەڕیان هەڵبژاردووە" تاوەکو کۆتایی بەو رێککەوتنانە بهێنن کە پێشتر کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆپبارانکردنی بەردەوامی نەخۆشخانەکە، وەک ناوەندێکی پزیشکیی مەدەنی، تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات، بەردەوامیی تۆپبارانەکان ژیانی نەخۆش، بریندار و تیمە پزیشکییەکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئەمەش مەترسیی روودانی کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکوژیی لێدەکرێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە حکومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم دۆخە لەقەڵەم دا.
شەڕی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدان کە سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی شێخ مەقسوودی راگەیاندووە، بەڵام لایەنی کوردی حکومەت بە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 تۆمەتبار دەکات.
ئەو رێککەوتنەی کە ئەمریکا، فەرەنسا و کەنەدا داوای جێبەجێکردنی دەکەن، تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی نوێی سووریادا. دیمەشق هەسەدە بە بەکارهێنانی نەخۆشخانەکان وەک مۆڵگەی سەربازی تۆمەتبار دەکات، بەرپرسانی کورد دەڵێن، حکومەت دەیەوێت لەرێگەی هێزەوە مافە سیاسییەکانی کورد لە سووریای دوای ئەسەد بسڕێتەوە.