ئاسایشی خۆسەر لە حەلەب: دەنگۆی کۆنتڕۆڵکردنی شێخ مەقسوود درۆیە و شەڕ بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە حەلەب، ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی 90%ی گەڕەکی شێخ مەقسوود.
 
رۆژی شەممە 10-01-2026 هێزە کوردییەکان لە راگەیێندراوێکی نوێدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو بانگەشانەی حکومەتی دیمەشق "درۆ و چەواشەکارین" و هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە. بە گوتەی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەم دەنگۆیانە تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو "تاوان و پێشێلکارییانەیە کە میلیشیاکانی حکومەت دژی سڤیلەکانی ناو گەڕەکەکە دەیکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئێستا لەناو شەقامەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود شەڕێکی زۆر تووند لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و زیانێکی زۆر بەر هێزەکانی حکومەت کەوتووە. هاوکات باس لەوە کراوە، تۆپبارانی "وەحشیانەی" تۆپخانە و تانکەکانی سوپای سووریا بۆسەر گەڕەکەکە بەردەوامە، کە بە ئەنقەست ژێرخانی ناوچەکە و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج بۆ ترساندنی دانیشتووان.
 
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاندبوو پرۆسەی ئەمنیی گەڕەکی شێخ مەقسوودی کۆتایی پێهێناوە. شەڕی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری داوە کە حکومەت نەخۆشخانەکان بۆردومان دەکات و مەترسیی کۆمەڵکوژی لە ئارادایە. لە بەرامبەردا حکومەتی سووریا هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەڵکی سڤیلی وەک "قەڵخانی مرۆیی" بەکارهێناوە.
 
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئوردن و کەنەدا داوای راگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 دەکەن، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام بنبەستی سیاسی وایکردووە جارێکی دیکە "رێگەی شەڕ" لە حەلەب بێتەوە پێشەوە.