مانگی سووری کوردی: دۆخی شێخ مەقسوود کارەساتبارە و حکومەت رێگری لە گەیشتنی هاوکارییە پزیشکییەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی مانگی سووری کوردی (Heyva Sor) هۆشداریی دا لەوەی دۆخی مرۆیی لەناو گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، بە تایبەتی گەڕەکی شێخ مەقسوود، بە شێوەیەکی مەترسیدار تێکچووە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەو رێکخراوە، نەخۆشخانەکانی ناوچەکە بە تەواوەتی لە کار کەوتوون و کورتهێنانێکی زۆر لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکاندا هەیە.
 
مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوە کردووە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگرییان لە کاروانێکی پزیشکیی ئەو رێکخراوە کردووە کە مەبەستی بووە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان و قوربانیانی پێکدادانە خوێناوییەکان بچێتە ناو شێخ مەقسوود. 
 
کاروانەکە گەیشتووەتە ناوچەی (دێر حافر) و داوای کردنەوەی رێڕۆیەکی مرۆییان کردووە بۆ گەیشتن بە شوێنی رووداوەکان، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن حکومەتی سووریاوە رەتکراوەتەوە.
 
لە 06-01-2026ـەوە شەڕی تووند لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکان لە ناو شاری حەلەب بەردەوامە. بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهۆی ئەم پێکدادانانەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون و ئەوانەشی لە ناو گەڕەکەکاندا ماونەتەوە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەو شەڕانە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 21 سڤیل. هەرچەندە رۆژنامەڤانێکی نێو شێخ مەقسوود بەناوی (هۆزان) بە رووداوی راگەیاند، 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 بریندار هەن.