خاچی سوور بۆ رووداو: بە بەڵگەوە 31 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە سووریا هۆشداری لە خراپبوونی دۆخی تەندروستیی کەمپی هۆل دەدات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە کارەکانیان بۆ ماوەیەک راگیراوە و ئێستا تەنیا فریاگوزاریی سەرەتایی هەیە. دەشڵێت: "چارەنووسی 31 هەزار بێسەروشوێن لە سووریا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە."
 
فەرید حەمید، گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لیژنەکەیان بەردەوامە لە کارکردن لە کەمپی هۆل و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی مانگی سووری عەرەبیی سووریا سەردانی کەمپەکە دەکەن، لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ یەکەم سەردانیان بۆ کەمپەکە کرد، لە دوای گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردن و گواستنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکەی.
 
فەرید حەمید گوتی: "بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی ئەو کاتە هەبوو، گەیشتن بە کەمپی هۆل ئەستەم بوو و چالاکیی ناوەندی تەندروستیی هاوبەشمان لەگەڵ خاچی سووری عەرەبیی سووریا بۆ چەند رۆژێک راگیرا و لە 24ی کانوونی دووەم دەستبەکار بووەوە، ئێستا ناوەندەکە پێویستییە تەندروستییە خێراکان دابین دەکات، لەکاتێکدا ژمارەی نەخۆشان زیاد دەکات، هیچ خزمەتگوزارییەکی دیکەی تەندروستی لە خێوەتگەکەدا نییە".
 
کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، لە 21ی کانوونی دووەمی 2026 کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.
 
گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە سووریا رایگەیاند؛ ئێستا ئەرکی سەرەکییان لە کەمپی هۆل پاراستن و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەیە کە لە کەمپەکەن، لەکاتێکدا بەرپرسیارێتیی گەڕانەوەی بیانییەکانی کەمپەکە، لە منداڵەکانیشەوە بۆ وڵاتە رەسەنەکانیان، ئەرکى ئەو وڵاتانەیە، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکات هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی یەکلا بکرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بنەمای نەگەڕاندنەوەی زۆرەملێ.
 
زیاتر لە 80 خێزانی عێراقی لە کەمپەکەن، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشن، بۆ گەڕانەوەیان پێویستییان بە وردبینیی ئەمنی هەیە.
 
لە 38 هەزار بێسەروشوێن، چارەنووسی 31 هەزاریان دیار نییە
 
یەکێک لەو پرسانەی کە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە سووریا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئەو کەسانەن کە لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریا لە 2011ـەوە بێسەروشوێن بوون.
 
گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە سووریا رایگەیاند، زیاتر لە 38 هەزار بێسەروشوێن لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە لیژنەکەیان تۆمار کراوە، کە بە بەڵگەنامە سەلمێنراوە، ئەوەش تەنیا بەشێکە لە ژمارە دروستەکەی بێسەروشوێنان.
 
فەرید حەمید گوتی: "ئەو ژمارەی بێسەروشوێنانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون 31 هەزاریان لە قۆناخی گەڕان و لێکۆڵینەوەین لەسەریان، هەندێک لە خێزانەکان چارەنووسی کەسە بێسەروشوێنەکانیان بۆ ئاشکرا بووە؛ هەندێکیان بە خێزانەکانیان ئاشنا بوونەتەوە یان ئازاد کراون، یان رووفاتەکانیان ناسراوەتەوە." گوتیشی: "گەڕان بەدوای بێسەروشوێندا کارێکی قورسە و ئەگەر هەیە چەند دەیەیەک بخایەنێت".