دوای عەلەوییەکان، کریستیانەکانی سووریا دەڵێن ترسیان لێ نیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانەکانی نیشتەجێی کەناراوی رۆژئاوای سووریا، دوای گرژییەکان و کوژرانی زیاتر لە 1000 سڤیلی عەلەوی، ترسیان لێنیشتووە.
روەیدە، خانمە کریستیانێکی تەمەن 36 ساڵە و لە پارێزگەی لازقیە لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە زۆرینە عەلەوین، دەژین و دەڵێت: "گرژییە هەنووکەییەکانی ئێستا کێشەی ئێمە نییە، بەڵام ئێمە بووینەتە قوربانی. هەستێکمان هەیە کە کەس نامانپارێزێت. ترسم لە پێشهاتەکانی داهاتوو هەیە، هەستیش دەکەم کە کۆچکردن تاکە بژارەی بەردەستمانە."
ململانێ و پێکدادانەکانی ئێستای سووریا، خوێناویترینی وڵاتەکەن دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی پار رووخا. شەڕ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە لازقیە لە نێوان چەکدارە عەلەوییەکان و دەسەڵاتی نوێی سووریا روویدا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرژییەکان بە "کۆمەڵکوژی" ناوبراون و کەمینە عەلەوییەکان کراونەتە ئامانج.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێریی شەڕی وڵاتەکە دەکات، دەڵێت: "لانیکەم هەزار و 68 سڤیل، کە زۆربەیان عەلەوین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گرووپە هاوپەیمانەکانیانەوە کوژراون."
چەند هەواڵێکیش باس لە بە ئامانجگرتنی کریستیانەکانیش دەکەن.
لە گوتاری کەنیسەیەکی دیمەشق، دوێنێ یەکشەممە، 09-03-2025، یۆحەننای دەیەم، پاتریاکی ئەنتاکیای ئۆرسۆدۆکسی یۆنان گوتی: "هاوشانی عەلەوییەکان، چەندین هاووڵاتیی سڤیلی کریستیانی بێتاوانیش کوژراون."
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لانیکەم حەوت کریستیان کە دووانیان باوک و کوڕ بوون، لە رێگەی گەڕانەوەیان بۆ لازقیە کوژراون.
هەروەها، لە گەڕەکێکی زۆرینە عەلەویی لازقیە، چوار ئەندامی خێزانێک لە ماڵەکەی خۆیان کوژران. لە شاری بانیاسی باشووری لازقیەش باوکی قەشەیەکی کریستیان کوژرا.
"دەرگەکان داخراون"
لە چەند ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەکدارێک بە زاراوەیەکی عەرەبی کە سووریایی نییە، قسە دەکات و هەڕەشە لە کەمینە کریستیان و عەلەوییەکان دەکات؛ ئەمە ترسەکەی زۆرتر کردووە.
دانیشتوویەکی لازقیە کە کریستیانە، ترسی ئەوەی هەیە کە تۆڵەیان لێبکرێتەوە، گوتی: "ئێمە و دراوسێکانمان، هەر لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکانەوە لە پشت دەرگە داخراوەکانی ماڵەکانمان دانیشتووین، ترسی ئەوەمان هەیە چەکدارە بیانییەکان بێنە ژوورەوە."
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی، زۆربەی ئەو چەکدارانەی کە لە پێنجشەممەوە هێرشیان کردووە، خەڵکی سووریا نین.
فابریس بالانش، شڕۆڤەکاری سیاسی گوتی، پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011 دەستپێبکات؛ سووریا نزیکەی یەک ملیۆن کریستیانی لێ دەژیا، کە یەکسان بوو بە 5٪ـی دانیشتووانەکەی. "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر وڵاتەکەیان جێهێشتووە، ئێستا تەنیا 300 هەزارێک ماونەتەوە."
هەرچەندە دەسەڵات و سەرۆکی نوێی سووریا بەڵێنی پاراستنی مافی کەمینەکانیان داوە، بەڵام هێشتا کریستیانەکان دڵنیانین و ترسیان لە گرتنە دەسەڵاتی سوننەکان هەیە.
رۆژی 08-12-2024 ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رابەرایەتیی دەستەی تەحریری شامی کرد و ئەسەدیان رووخاند.
"ترسێکی بێوێنە"
رۆژی 10-03-2025 کەشێکی لازقییە ئارام بووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان چەند زاڵگەیەکیان لە دەرەوەی گەڕەکەکانی لازقییە جێگیر کرد.
لە ناوچە کریستیان و سوننە نشینەکان، جموجۆڵی ئاسایی هەبوون، هەرچەندە هێشتا ترس بە خەڵکەوە دیارە.
هیبا، مامۆستایەکی ئەو شارەیە و تەمەنی 40 ساڵە، گوتی: "لە دڵەڕاوکێداین، دەموچاوی خەڵک لە ترسان سپی هەڵگەڕاوە. نازانین داهاتوو چی پێیە بۆمان."
خانمە مامۆستاکە باسی لەوەکرد، کریستیانەکان هاوشێوەی عەلەوییەکان بە راستەوخۆ بە ئامانج نەگیراون، بەڵام زۆرجار گوللـەی شەڕ و ئاژەوەکان ئەوانیش دەپێکێت.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، سەرۆکی کۆمەڵە کەنیسەکانی لازقیە داوایان لە دانیشتووان کرد: "نەکەونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکان."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە قەشەکان لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئاسایشی گشتیی سووریا کۆبوونەوە و ویستیان پەیامێکی دڵنیایی بدەنە هاووڵاتییان.
رۆژی یەکشەممە ئەحمەد شەرع بەڵێنی دا، هەر کەسێک لە خوێنڕشتنی سڤیلەکان دەستی هەبووبێت، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە.
گابریێل تەمەنی 37 ساڵە و کریستیانە، هێشتا نادڵنیایە و گوتی: "ناوێرم ژیانی هاوژینی پێکبهێنم و لەم شوێنە منداڵم هەبێت. دەیەیەک لەمەوبەر، دەرفەتی کۆچکردنم بۆ کەنەدا بۆ رێککەوت، بەڵام من قوماری ئەوەم کرد کە دۆخەکە چاک دەبێت. ئێستا پەشیمانم لەوەی ئەو دەرفەتەم نەقۆستەوە."