ئەحمەد شەرع دەڵێت، کوشتنی عەلەوییەکان هەڕەشە لە یەکگرتوویی سووریا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت، کوشتنی ئەندامانی کەمینەی عەلەوی هەڕەشە لە یەکگرتوویی سووریا دەکات، بەڵێن دەدات سزای بکەرانیش بدات.
 
رۆژی دووشەممە 10-03-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێک، رەخنەی لە چەکدارانی عەلەوی و ئەو گرووپانە گرت، کە بە گوتەی ئەو لەلایەن هێزی دەرەکییەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەوەی ئەوان دەستیان بە پێکدادانەکان کردووە.
 
ئەحمەد شەرع قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی بەریتانی کرد و گوتی: "سووریا دەوڵەتی یاسایە. یاساش بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت. ئێمە شەڕمان کرد بۆ ئەوەی بەرگری لە ستەملێکراوان بکەین، قبووڵیش ناکەین هیچ خوێنێک بە نادادپەروەرانە بڕژێت، یان بەبێ سزا و لێپێچینەوە تێپەڕێت، تەنانەت ئەوانەیشی لە خۆمانەوە نزیکن."
 
سەرۆکی کاتیی سووریا کە لە 08-12-2024 بەشار ئەسەدی رووخاند گوتی، لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولی دووەم دەستبەکاربووەتەوە، حکومەتەکەی هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەمریکا نەبووە. شەرع داوایکرد، ئەمریکا سزاکانی سەردەمی ئەسەد لەسەر سووریا هەڵگرێت.
 
شەرع تەنانەت ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ کرد، کە لە سەردەمی ئەسەد پاڵپشتییەکی زۆری دەکرد و دوو بنکەی گەورەی سەربازیی سووریاشی بەدەستەوە بوو.
 
سەرۆکی کاتیی سووریا گوتی، ئامانجی ئەوەیە جیاوازییەکانیان لەگەڵ کورد چارەسەر بکات، ئەمەش لە رێگەی کۆبوونەوە لەگەڵیان، کە واشنتن پاڵپشتییان دەکات.
 
شەرع دانی بە گرژی و ململانێکانی رۆژئاوای وڵاتەکەدا نا، کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە؛ گوتیشی: "چەندین لایەن لە کەناری سووریا هاتوونەتە ژوورەوە و چەندین پێشێلکاری روویانداوە. ئەمە بووە دەرفەتێک بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵام دۆخەکە ئێستا کۆنتڕۆڵکراوە."
 
بەگوتەی سەرۆکی کاتیی سووریا، 200 کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر ژمارەی تەواوی کوژراوەکان نەدا و گوتی، لێکۆڵینەوە لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆوە بەردەوامە.
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری دۆخی سووریا دەکات و بارەگای لە لەندەنە، 973 سڤیل و 250 چەکداری عەلەوی، هەروەها 230 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی سووریا کوژراون.
 
دوای رووخاندنی ئەسەد، شەرع بەڵێنی پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی سوننە، عەلەوی، کورد، دروز، کریستیان، ئەرمەن و شیعەکانی دا.
 
حکومەتەکەی بە زوویی پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری شاندە بیانییە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکان کرد، خۆیشی سەردانی چەند وڵاتێکی کرد. دوای سێ مانگ خۆشیی نەمانی ئەسەد خەریکە بە ترس و تۆقین دەگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەو پێکدادانەی لە لازقییەوە دروستبوو.
 
لەوکاتەوەی ئەسەد رووخاوە، ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات لەگەڵ هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕ و پێکداداندابوون. هێشتا دیمەشق دەسەڵاتی بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە نییە کە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لەدەستە و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەیە.
 
شەرع گوتی ئەو دانوستاندن و چارەسەری دەوێت و لەگەڵ عەبدیش کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. 
 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە. 
 
لە باشووری وڵاتەکەش حکومەت لاوازە، ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەکی کردووە و هەڕەشەی کردووە ئەگەر سەرباز بنێرن، هێرش دەکاتە سەریان.
 
ئابووریی سووریا هێشتا لەرزۆکە و لە پاشەکشەدایە، رووبەڕێکی زۆریشی سووریای لەژێر دەست نییە، لەوانەش رۆژئاوای کوردستان. ئیسرائیلیش چەند جارێک لە باشوورەوە چووەتە ژوورەوە و بە تۆنی هێرشی ئاسمانی قسە دەکات.
 
شەرع تووندوتیژییەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی سووریا وەسفکرد و گوتی: "ئەمە زیان بەو رێگەیە دەگەیێنێت، بەڵام ئەوەندەی لەدەستمان بێت دۆخەکە چاکدەکەینەوە."
 
سەرۆکی سووریا لیژنەیەکی سەربەخۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکهێناوە، کە ئەندامانی عەلەویشی تێدایە. لیژنەکە لە ماوەی مانگێکدا راپۆرتی خۆیان پێشکێشی دەکەن.
 
شەرع گوتیشی، لیژنەیەکی دیکە بۆ "پاراستنی ئاشتیی مەدەنی" پێکهێنراوە، چونکە "خوێن خوێنی زیاتری بەدواوە دێت."
 
سەرۆکی کاتیی سووریا وەڵامی ئەوەی نەدایەوە ئاخۆ چەکداری دەرەکیی و گرووپی ئیسلامیی هاوپەیمانی دیکە لە کۆمەڵکوژییەکان دەستیان هەبووبێت، ئەو گوتی لێکۆڵینەوە دەکرێت.
 
ئاژانسە هەواڵییەکە باسی ڤیدیۆیەکیان بۆ شەرع کرد کە لە یەکێک لە شارۆچکەکان، 20 پیاوی کوژراو تێیدا دەردەکەون؛ ئەو گوتی، لیژنەکە لێکۆڵینەوە لەو ڤیدیۆیە دەکەن.
 
گرژییەکان بەرۆکی لازقییە، بانیاس و جەبلەیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا گرتووە، هەزاران عەلەویش لە ترسا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و ئاودیوی لوبنان بوون.
 
شەرع گوتی، چەند لایەنگرێکی ئەسەد کە سەر بە یەکەی 4ـی ماهری برای ئەسەدن "بۆ دروستکردنی نائارامی" دەستیان بە جەنگەکە کردووە.
 
سعودیە، تورکیا و قەتەر لەم دۆخە سەختەی سووریا پاڵپشتیی تەواویان بۆ ئەحمەد شەرع دەربڕیوە. رووسیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئێرانیش گوتی نابێت هیچ کەسێک ستەمی لێبکرێت. ئەمریکاش گوتی: "چەند تیرۆریستێکی ئیسلامیی تووندڕۆن و جیهادیی دەرەکیشیان لەگەڵە."
 
'دەرگەمان کراوەیە'
شەرع خۆشگوزەرانیی ئابووری و ئارامیی وڵاتەکەی بە لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا بەستەوە. "ئێمە ناتوانین ئارامیی وڵاتەکە بەرقەرار بکەین ئەگەر سزاکان هەڵنەگیرێن."
 
دوو مانگە حکومەتی نوێی سووریا دەستبەکاربووە و تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا نەبوو، پرسیاری لێکرا لەبەرچی، گوتی: "فایلی سووریا لە لیستی پێشەوەی ئەمریکا نییە. پێویستە ئەو پرسیارە لەوان بکرێت. دەرگەی ئێمە کراوەیە."
 
گفتوگۆکان لەبارەی هەردوو بنکەی سەربازیی تەرتووس و حمێمیم کە سەر بە رووسیان، بەردەوامن.
 
شەرع گوتی، دیمەشق و مۆسکۆ رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پێشوو بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکارییەکان دەست لێنەدراون.
 
شەرع گوتی: "ئێمە چاوپۆشیمان لە بۆردوومانەکانی رووسیا کرد و راستەوخۆ ئەوانمان نەکردە ئامانج، ئەمەش بۆ ئەوەی دەرگەی گفتوگۆ لەدوای ئازادکردنی سووریا هەر کراوەبێت."
 
ئەسەد دوای رووخانی هەڵاتە رووسیا. شەرع باسی ئەوەی نەکرد داوای لە رووسیا کردبێت ئەسەد رادەستبکاتەوە.