چۆن حەبێکی بچووک بووە کارتی هێز بە دەستی ئەسەدەوە دژی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی؟
رووداو دیجیتاڵ
حەبێکی بچووک کارتێکی بەهێزی داوەتە دەست بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لەبەرامبەر وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وای لێکردن ناچار بن لە گۆشەگیری دەریبێنن بۆ ئەوەی ئەویش کۆتایی بە قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکە لە سووریاوە بۆ وڵاتەکانیان بێنێت.
وڵاتانی رۆژئاوا بەو پێشوازییە گەرمەی کە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە ئەسەدیان کرد، پەست بوون و لەوە دەترسن ئاشتبوونەوەیان ببێتە هۆی لەباربردنی هەوڵەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا، بەڵام وەستاندنی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکە، بۆ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی گرنگە و کارێکی لەپێشینەیانە. لە چەند ساڵی رابردوودا، سەدان ملیۆن حەب لە سووریاوە بە قاچاخ بردراونەتە عێراق، ئوردن، سعودیە و وڵاتانی کەنداو؛ لەوێ لە لایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهێندرێت کە کارەکەیان پێویستی بەوەیە کەمتر بخەون و زیاتر بە هۆشیاری بمێننەوە، بەڵام بەشێکیشی بۆ سەرگەرمی بەکاری دەبەن.
کارتی کاپتاگۆن
سعودیە دەستی بەسەر چەندین باری گەورەی حەبە قەدەخەکراوەکەدا گرتووە، کە بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵدراوە ببردرێتە نێو وڵاتەکە.
ئەو شرۆڤەکارانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان کردووە پێیانوایە، ئەسەد تاوەکو ئێستا ئاماژەی کەمی بەدەستەوە داوە بۆ سنووردارکردنی ماددە هۆشبەرەکە، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانێت پارەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە وڵاتە عەرەبییەکان دەربێنێت و لەو رێگەیەوە زیاتر خۆی تێکەڵ بە ناوچەکە بکات و تەنانەت گوشار بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی رۆژئاوا لەسەر وڵاتەکەی دروستبکات.
زۆرینەی هەرە زۆری حەبی کاپتاگۆنی جیهان لە سووریا و بەشێکی کەمتریشی لە لوبنانی دراوسێی بەرهەمدەهێنرێت. وڵاتانی رۆژئاوا مەزەندە دەکەن، داهاتی بازرگانیکردن بەو حەبەوە ملیاران دۆلار بێت.
ئەسەد، ئەندامانی خێزانەکەی و هاوپەیمانەکانی، لە نێویدا حیزبوڵڵای لوبنانی، لە لایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپاوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ئاسانکاری بۆ بازرگانییەکە دەکەن و پارەی لێ قازانج دەکەن و دەڵێن، ئەو بازرگانییە داهاتێکی گەورەی بە دەسەڵاتەکەی ئەسەد داوە، لە کاتێکدا کە ئابووریی سووریا لە مایەپووچبوونی بەردەوامدایە. حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵا تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
وڵاتە دراوسێکانی سووریا بوونەتە گەورەترین بازاڕی ساخکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکە. پسپۆڕەکان دەڵێن، لەگەڵ بووژانەوەی پیشەسازیی حەبەکە، دیمەشق درکی بەوە کردووە کە کاپتاگۆن زیاترە لەوەی تەنیا سەرچاوەیەکی پارە بێت.
کەرەم شەعار، لێکۆڵینڤانی پەیمانگەی نیولاینز کە بنکەکەی لە واشنتن دی سییە، دەڵێت، "رژێمی ئەسەد بۆی دەرکەوت کە ئەمە شتێکە دەتوانێت وەکو چەکێک بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکاری بێنێت، ئەوەش ئەو کاتە بوو کە بەرهەمهێنان بە فراوانی دەستیپێکرد."
لە گفتوگۆی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ سووریا، یەکێک لە داواکارییەکانیان وەستاندنی بازرگانییەکە بووە لە بەرامبەر لابردنی ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر دیمەشق هەبووە. مانگی رابردوو، سووریا گەڕێندرایەوە نێو کۆمکاری عەرەبی کە لە ساڵی 2011ـەوە بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناویی بەشار ئەسەدەوە بۆ سەر خۆپێشاندەرانی دژی دەسەڵاتەکەی، ئەندامێتییەکەی هەڵپەسێردرابوو. 20ی ئایار، ئەسەد لە لووتکەی کۆمکارەکە لە شاری جەدەی سعودیە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.
هەوڵەکانی ئوردن
یەکێک لەو شتانەی بە ئاماژەیەک بۆ هەبوونی رێککەوتنی پشت پەردە دادەنرێت، لە 8ی ئایار بوو، کاتێک کە هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری سووریا ماڵی قاچاخچییەکی ماددە هۆشبەرەکانی خاپوور کرد. مەرعی رەمسان، هاوژینەکەی و شەش منداڵیان کوژران. هێرشێکی دیکەی ئاسمانی کارگەیەکی گومانلێکراوی کاپتاگۆنی لە شاری دەرعا لە نزیک سنووری ئوردن لەنێوبرد.
پسپۆڕەکان پێیانوایە ئوردن بە رەزامەندیی ئەسەد ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە. هێرشەکان تەنیا رۆژێک دوای گەڕانەوەی فەرمیی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی هاتن کە بە نێوەندگیریی ئوردن بوو.
سعود شەرەفات، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئوردن دەڵێت، "ئەسەد دڵنیایی داوە لەوەی کە رژێم لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی تۆڕە قاچاخچییەکان دەوەستێت، بۆ نموونە ئەو ئاسانکاری بۆ لەنێوبردنی رەمسان کرد." شەرەفات دەشڵێت، ئوردن بازرگانیی کاپتاگۆن "بە هەڕەشە بۆ ئاسایش و ئاشتی" دەبینێت.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە لێدوانە ئاشکراکانیدا رەتیکردووەتەوە هەبوونی دەستی وڵاتەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا پشتڕاستبکاتەوە یانیش نکوڵییان لێ بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، ئوردن ئامادەیە بە هەنگاوی سەربازی بەرەوڕووی بازرگانییەکە بێتەوە.
وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، کە زۆربەیان لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریا پشتیوانییان لە هێزەکانی دژی ئەسەد دەکرد، دەڵێن، گوشارخستنە سەر ئەسەد بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئامانجی هاوبەشیانە. پێش لووتکەی جەدە، ئوردن میوانداریی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی سووریا، عێراق، سعودیە و میسری کرد و یەکێک لە تەوەرەکانی بریتی بوو لە دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ گفتوگۆی ئاشتی و گەڕاندنەوەی ملیۆنان پەناخوازی خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
بەڵام ئەو بابەتەی کە زۆرترین بەرەوپێشچوونی لەسەر بەدیهێنا، کاپتاگۆن بوو. سووریا بەڵێنیدا ببێتە رێگر لەبەردەم قاچاخچێتییەکە و لایەنەکانی کۆبوونەوەکە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هەرێمی پێکهاتن. چەند رۆژێک دواتر، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە شکستی بە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی کاپتاگۆن لە شاری حەلەب هێناوە و لە پیکاپێکدا دەستی بەسەر یەک ملیۆن حەبدا گرتووە.
ئوردن لەم ساڵانەی دواییدا پاسەوانی و رێوشوێنە ئەمنییەکانی بە درێژایی سنووری خۆی لەگەڵ سووریا تووندوتۆڵ کردووە و چەندین هێرشی کردووەتە سەر قاچاخچییەکان. لە شەڕە تەقەیەکی توونددا، کانوونی دووەمی ئەمساڵ سەربازانی ئوردن 27 قاچاخچیی گومانلێکراویان کوشت.
نکۆڵیکردنی سووریا
رێگە و رێڕەوەکانی قاچاخچێتی وایکردووە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکان زەحمەت بێت. عەبوود شەواخ، ئەندامی پەرلەمانی سووریا رەتیدەکاتەوە حکومەتی وڵاتەکەی هیچ قازانجێک لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکە بکات و جەختی کردەوە کە دامودەزگاکانی وڵاتەکەی هەوڵدەدەن کۆتایی بە بازرگانییەکە بێنن.
شەواخ دەڵێت، "وڵاتەکەمان وەک رێگەیەکی پێداگوزەری (ترانزێت) هەرێمی بەکاردەهێنرێت، چونکە هەندێ دەروازەی سنووری هەن لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدان،" ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی حکومەت بازرگانی بە کاپتاگۆنەوە دەکەن.
ژمارەیەکی زۆری شارەزایانی ناوچەکە پێیانوایە، گرووپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەدیش تا رادەیەک لە قاچاخچێتییەکەدا تێوەگلاون، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا ئەسەد و ئەندامانی خێزانی تۆمەتباردەکەن بەوەی رۆڵێکی راستەوخۆیان لە بەرهەمهێنان و بازرگانیی کاپتاگۆندا هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش سزایان بەسەر چەند ئەندامێکی خێزانی ئەسەددا سەپاندووە.
شەرەفات دەڵێت، لە کاتێکدا کە رەنگە ئەسەد ئامادە بێت رێوشوێن دژی چەند بەشێکی بازرگانییەکە بگرێتەبەر، نیازێکی کەمی هەیە بە تەواوی لە نێوی ببات بێ ئەوەی لە بەرامبەریدا شتێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بەدەستبخات.
بەرپرسێکی سعودی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بۆ میدیای ئەمریکی قسەی کردووە و رەتیکردووەتەوە ریاز پێشنیاری کردبێت ملیاران دۆلار لە بەرامبەر وشککردنی بازرگانییەکە بە دیمەشق بدات، بەڵام باسی لەوە کردووە، سعودیە هەر شتێک بە سووریا بدات، تێچووەکەی کەمتر دەبێت لەو زیانەی کە کاپتاگۆن بە گەنجانی سعودی گەیاندووە.
نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوا و بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لەوە دەترسن ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا ببێتە هۆی ئەوەی ئەسەد باکی بە سازشکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی وڵاتەکەی نەبێت. ئەوان دەیانەوێت ئەسەد پابەند بکەن بەو نەخشەڕێگەیەی لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کە ساڵی 2015 بە کۆی دەنگ دەرکرا. بڕیارنامەکە داوا دەکات حکومەتی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکات، دەستووری وڵات دووبارە بنووسرێتەوە و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژاردن ئەنجامبدرێ.
نەخشەڕێگەکە تاوەکو ئێستا بە هیچ شوێنێک نەگەیشتووە. لەو کاتەوەی بڕیارنامەکە دەرکراوە، ئەسەد ئەو ناوچانەی لەدەستیدابوون، کۆنترۆڵکردووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆنی لە گۆشەیەکی تەسکی باکووری رۆژئاوای سووریادا گۆشەگیرکردووە. ئێستا مشتی ئەسەد بەسەر دەسەڵاتەوە تووندترە.
شەعار پێی وایە، رەنگە ئەسەد کارتی کاپتاگۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربێنێت، بەڵام کارتەکە هێزێکی ئەوتۆی نابێت بۆ لابردنی سزاکانی رۆژئاوا لەسەری.
شەعار دەڵێت، لەبەر ئەوەی حکومەتەکانی کەنداو بەهۆی سزاکان ناتوانن راستەوخۆ پارە بە حکومەتەکەی ئەسەد بدەن، دەکرێت لە رێگەی پڕۆژە و پرۆگرامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت پارە بنێرن بۆ ئەوەی هەندێ هەنگاو لە ئەسەدەوە دژی کاپتاگۆن بەدەستبێنن.