ئەسەد: ئەردۆغان دەیەوێت رەوایەتی بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سووریا بدات
رووداو دیجیتاڵ
بەشار ئەسەد ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن و تورکیاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە بووەتە هۆی زیادبوونی پشێوی لە وڵاتەکەی.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئابی 2023، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی گوتی: "بۆچی لەگەڵ ئەردۆغان کۆببمەوە؟ بۆ خواردنەوە؟"
ئەسەد گوتیشی: "ئامانجی ئێمە کشانەوەی تورکیایە لەنێو خاکی سووریا، لەکاتێکدا ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە کە رەوایەتی بە بوونی تورکیا لەنێو خاکی سووریا بدات."
لە چەند مانگی رابردوودا رووسەکان و ئێرانییەکان هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئاسایی بکەنەوە و لەسەر ئاستی باڵاش وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات کۆبوونەتە.
ئەسەد لە هەڤپەیڤینەکەدا وەکو پێشتر، جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە، دەبێت سەرەتا تورکیا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.
دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی سووریا، تورکیا پاڵپشتی لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کرد و سێ ئۆپەراسیۆنیشی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کردووە؛ تورکیا و هێزەکانی نزیکی دەستیان بەسەر بەشێک لەو خاکەدا گرتووە.
لە 17ـی تەممووزی ئەمساڵد، رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند کە ئامادەیە لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە بەشار ئەسەد کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا نەکاتە پێشمەرجی کۆبوونەوەکە.
بەشار ئەسەد گوتیشی، "راستییەکەی ئەوەیە، تیرۆر لە تورکیاوە دروستدەکرێت. بەرەی نوسرە و دەستەی تەحریری شام، هەموویان لەژێر ناوی جیادان، بەڵام لە یەک ئاراستەوە هاتوون. هەموویان دروستکراوی تورکیان و تا ئەمڕۆش لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن."
دەستەی تەحریری شام و بەرەی نوسرە، کە بە دوو گرووپی ئیسلامیی نزیک لە تورکیا هەژمار دەکرێن، دەستیان بەسەر پارێزگای ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریادا گرتووە. لە ساڵی 2018ـەشەوە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا دەستیان بەسەر پارێزگای عەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا گرتووە.
دوای بوومەلەرزەکانی شوباتی ئەمساڵ، کە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریای گرتەوە و بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 50 هەزار کەس گیان لەدەستبدەن. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دوای زیاتر لە دەیەیەک وڵاتانی عەرەبی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا بچنەوە.
سووریا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان ئاسایی کردووەتەوە و رۆژی 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریاندا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن و لە دواهەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە 19-5-2023، لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد بەشداریی تێدا کرد.
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 350 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.