یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین: نزیکەی 70 هەزار کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین دەڵێ، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسەوە نزیکەی 20 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئێستا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پارە لە خەڵک وەرناگیرێ و دەستوەردانیان لە کاروباری ئەمنیدا نەماوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-08-2025، فەرهاد خۆرتۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی دوایین دۆخی ناوچەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: ''لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ەوە نزیکەی 20 هەزار خێزان واتە زیاتر لە 65 هەزار بۆ 70 هەزار کەس گەڕوانەتەوە زێدی خۆیان".
 
ناوچە کوردستانییەکە لە ساڵی 2018 لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیکی داگیرکرا و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن. فەرهاد خۆرتۆ لەبارەی گەرەنتیکردنی پاراستنی ژیانی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان گوتی: ''یەکەم گەرەنتی ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنییەکان یان گرووپە چەکدارەکان کاریان بە خەڵک نابێت و لێیان نزیک نابنەوە.''
 
هێشتا ماڵ و موڵکی بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد گەڕاونەتەوە عەفرین، لەلایەن عەرەبی هاوردە و گرووپە چەکدارەکانەوە داگیرکراوە. یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین لەوبارەوە دەڵێت: ''ئێستا موڵکی خەڵکی ئێمە بە دوو شێوە داگیرکراوە. یەکەم، لەوانەیە کەسانی مەدەنییان تێدابێ کە هاوئاهەنگییەک لەنێوان بەرپرسی ناوچەکە و وەزارەتی ناوخۆ هەیە، هەروەها لیژنەیەکی ئابووری پێکهێندراوە و دوای بەدواداچوونی، گرفتەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە چارەسەر دەکرێ.''
 
بەگوتەی فەرهاد خۆرتۆ ئەگەر ماڵی هاونیشتمانییان لە عەفرین ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانیان تێدا بێت، ''گرفتەکە لە رێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە [چارەسەر دەکرێت]. واتە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، لەنێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و ئیدارەی ناوچەی عەفرین هاوئاهەنگی هەیە.''
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کرد و گوتی: ''ئێستا پرسی ئاسایش چارەسەر کراوە، هیچ گوشارێک لەسەر خەڵک نییە و لێکۆڵینەوەی ئەمنی لە هیچ کەسێک ناکرێت.''
 
وەک فەرهاد خۆرتۆ دەڵێت، دۆخی کارگێڕیی عەفرینیش ئاسایی بووەتەوە و ''سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان کراوەن کە زۆربەی بەڕێوەبەرەکانیان خەڵکی ناوچەکەن.''
 
بەگوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین، ''ئێستا پاراستنی ئاسایشی عەفرین لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشە (ئاسایشی ناوخۆ)، کەسانێک کە لە لایەن دەوڵەتەوە دامەزراون و شارەزایی ئەمنی، سەربازی و کۆمەڵایەتییان هەیە.''
 
وەک فەرهاد خۆرتۆ دەڵێ، پاراستنی خەڵکی ناوچەکە بەشدار دەبێ لە پاراستنی ئاسایش و ناویان لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا تۆمار دەکرێت و ''لە چەند رۆژی رابردوودا دەرگەی ناونووسین کرایەوە، دەرفەتەکە تەنیا بۆ ئەو گەنجانە دەبێت کە خەڵکی عەفرین و نیشتەجێی ناوچەکەن.''
 
سەرەتای گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین، ژمارەیەک کەس بە پاساوی هەبوونی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیرکران. ئەو بەرپرسە لە عەفرین ئاماژەی دا کە ''گرووپە چەکدارەکان چیدیکە دەستوەردانی کاروباری ناوچەکە ناکەن، پارە لە خەڵک وەرناگرن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە.''
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین ئەوەشی خستەڕوو، ''هەرچەند گرووپە چەکدارەکان هێشتا لە ناوچەکە ماون، بەڵام لە بارەگاکانی خۆیاندان و تاوەکو بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەت دروست نەکرێن، ناوچەکە جێناهێڵن.''
 
31ـی ئایاری 2025، لە شاری عەفرین کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتیی شارەکە بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دەستپێشخەری و پێشنیازی بەپارێزگاکردنی هەرێمی عەفرین. 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری عەفرین گوتی: ''تاوەکو ژێرخانی بنەڕەتیی ناوچەکە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ئامادە نەکرێن و پرسی گرووپە چەکدارەکان چارەسەر نەکرێ، بەپارێزگاکردنی عەفرین ئەستەمە، بەڵام لایەنەکان وەک پێشنیازێک ئەم پرسەیان خستووەتەڕوو.''