ڤیدیۆ.. هێزە ئەمنییەکانی سووریا ژمارەیەک پەرستار دەگرن و یەکێکیان دەکوژن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، چەند کارمەندێکی "سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری"ی سووریا، لە نەخۆشخانەی سوەیدا، چەند پزیشک، پەرستار و کارمەندێکی نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا دەستبەسەر دەکەن و یەکێکیان دەکوژن کە دەیەوێ بەرگری لە خۆی بکات.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، راستیی گرتەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی: "گرتەیەکی ڤیدیۆیی "پشتڕاستکراوە"مان دەستکەوتووە کە چەکدارانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، کەسێک لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا بە گولـلە دەکوژن."
لە گرتەکەدا دەرکەوتووە، کە چەکدارەکان، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەیان لە شوێنێکدا کۆکردووەتەوە و بە چەکەوە بە دیارییانەوە وەستاون، بەڵام یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە، لەگەڵ چەکدارێکدا دەبێتە دەماقەڵەیان و پەلاماری چەکدارەکە دەدات، ئەویش خۆی لە دەستی دەرباز دەکات و بە چەکێکی کڵاشینکۆف گولـلەیەکی لێ دەدات، دواتریش یەکێک لە هاوڕێکانی بە دەمانچە گولـلەیەکی دیکەی لێ دەدات و تەرمەکەی بە زەوییەکەدا رادەکێشن و دووری دەخەنەوە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کارمەندەکان بە پۆشاکی کارەوە لە بەردەم چەکدارەکاندا لەسەر ئەژنۆ دانیشتوون.
رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئەم گرتە ڤیدیۆییە تەنیا بەشێکە لەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سوەیدا کراون، لە کۆی 401 کوشتنی مەیدانی کە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوەکو ئێستا توانیویەتی بە بەڵگەیان بکات."
تاوەکو ئێستا حکومەتی سووریا هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو گرتەیە بڵاونەکردووەتەوە.
بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر، رووداو پەیوەندی کرد بە وەزاح عەزام، چالاکڤانی سڤیل لە سوەیدا و بە رووداوی گوت: "ڤیدیۆکە راستە و لە مۆبایلی ئەو چەکدارانەشدا دۆزراوەتەوە کە بە دیل گیراون. کاتەکەی شەڕی نێوخۆییە و نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدایە."
وەزاح عەزام دەڵێت: "رووداوەکە لە 16ی تەممووزی 2025 بووە، ئێمە خۆمان ڤیدیۆکانمان دەستکەوتووە و بڵاومان کردوونەتەوە و هەموو بەڵگەکانمان کردووەتە راپۆرتێک و رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکەین. تەنانەت ئەو مۆبایلانەشی کە ڤیدیۆکانی پێ گیراوە و کامێراکانی چاودێریش دەنێرین."
هاوکات ئەیمەن شەیبەدین، پارێزەر و یەکێک لەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی تاوانەکان لە سوەیدا کۆدەکاتەوە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەو ڤیدیۆیە سەد لە سەد راستە و لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا روویداوە."