لیژنەی لاوەکیی هەڵبژاردن لە سەرێکانی و گرێسپیی رۆژئاوای کوردستان پێکهێندرا

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، ئەندامانی لیژنەی لاوەکی ئەو هەڵبژاردنەی لە هەردوو شارى سەرێکانێ و گرێسپێی رۆژئاوای کوردستان دەستنیشانکرد.
 
بڕیارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025 لەلایەن محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریاوە دەرکراوە، کە تایبەتە بە سێ لیژنەی لاوەکیی هەڵبژاردن لە شارى سەرێکانی لە پارێزگاى حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەردوو شارى گرێسپی و رەققەى باکووورى رۆژهەڵاتى سووریا.
 
ئەندامانى لیژنەی لاوەکی لە سەرێکانى چوار کەسن، ئەندامانى هەمان لیژنە لە شاری رەققە و گرێسپی بۆ هەر یەکێکیان سێ ئەندامە.
 
پێشتر لە 23ی ئابی ئەم ساڵ، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بڕیاری دا، کە هەڵبژاردنەکە لە سوەیدا و حەسەکە و رەققە دوابخرێت بە پاساوی نەبوونی دۆخی گونجاو و کەشى ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى سووریا.
 
ئەو سێ شارەی کە لیژنەی لاوەکیی هەڵبژاردنیان بۆ دیاریکراوە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نین و لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریان.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، دەکرێت لە ماوەی دوو رۆژ لە دەرچوونی بڕیاری دانانی ئەندامانی ئەو سێ لیژنە لاوەکییە تانەی لێ بدرێت و لە ماوەی سێ رۆژدا وەڵامی تانەکان دەدرێتەوە.
 
20ى ئابى 2025  ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد کە تایبەتە بە سیستمی کاتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانى سووریا.
 
بەگوێرەی سیستمەکە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان 210 کەسە، لەکاتێکدا پێشتر ژمارەیان 250 ئەندام بوو. دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن.
 
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن، سەرپەرشتیی کاروباری لیژنە تایبەتەکانی هەڵبژاردن دەکات و بارەگاکەی لە دیمەشق دەبێت. هەروەها لیژنەی لاوەکیش لە ناوچەکانی هەڵبژاردن دەبێت. لە ئەگەری چۆڵبوونی شوێنی هەر ئەندامێکی ئەو لیژنانە، سەرۆککۆمار جێگرەوەکەی دادەنێت.