ئاوارەی سووری ناچنە "ناوچەی ئارام"

رووداو - هەولێر

 

ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە سوورییەكان لە توركیا لە سەرەتای هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان دڵخۆش بوون، چونكە هەستیان دەكرد توركیا دەرگای گەڕانەوە بۆ سووریایان بۆ دەكاتەوە، بەڵام گەڕانەوەی هێزەكانی سووریا بۆ ناوچەكانی سەر سنوور، ئەوانی لە گەڕانەوە سارد كردووەتەوە.
 
حەسەن خەلیل، ئاوارەی سووری تەمەن 37 ساڵ، لەگەڵ هەشت برا و ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكاری لە كانیێ غەزالان لە پارێزگای روحای باكووری كوردستان دەژی. حەسەن بە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی دەڵێ: "ئەوە پێنج ساڵە لە وڵاتی خۆمان دوورین".
 
ئامانجی توركیا لە هێرشەكەی نۆی تشرینی یەكەم تەنیا دوورخستنەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە سنوورەكانی خۆی نەبوو، بەڵكو دەیویست ناوچەیەكیش لە باكووری سووریا داببڕێنێ و ملیۆنان ئاوارەی سووریی نیشتەجێی توركیا بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچەیە. پارتی داد و گەشەپێدان لە كاتی هەڵبژاردنە لۆكاڵییەكانی ئەمساڵدا هەستی بەوە كردبوو ئاوارە سوورییەكان یەكێكە لەو خاڵانەی ئۆپۆزیسیۆن وەك وەرەقەی گوشار بەكاریدەهێنا.
 
حكومەتی ئەنقەرە پێشتر ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە ئاوارە سوورییەكان "ئارەزوومەندانە" رەوانەی سووریا دەكرێنەوە، ئیدارەی خۆسەری پێشتر هۆشداری دابوو كە ئەو هەنگاوەی توركیا گۆڕینی دیموگرافی ناوچەكە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار خەڵكی رەسەنی ناوچەكە و تەنانەت پاكتاوی نەژادی لێدەكەوێتەوە.
 
بەڵام هێرشەكانی سێ هەفتەی رابردووی توركیا و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی باكووری سووریا، هێزەكانی رۆژئاڤای كوردستانی ناچار كرد بە گەڕانەوەی هێزەكانی رژێم و رووسیا بۆ بەشێك لە ناوچەكان قایل بێ، ئەوەش دواتر حكومەتی توركیای ناچار كرد ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی خۆی سنووردار بكات.
 
مستەفا حەمید، پارێزەر و چالاكڤانی سووری بە رۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێ: "پێمان سەیر بوو هێزەكانی رژێم گەڕانەوە ئەو ناوچەیە. ئەگەر رژێم زیاتر بێتە ژوورەوە، ئەوە هەڵمەتێكی دەستگیركردن لە ناوچەكە دەستپێدەكات".
 
هەفتەی رابردوو، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سەر بە توركیا و سوپای سووریادا روویدا، سوپای توركیا و میلیشیاكانی 18 سەربازی سوپای سووریایان دەستگیر كرد كە دواتر رادەستی حكومەتی سووریا كرانەوە. روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، تۆپخانەی توركیا پێنج سەربازی سوورییان كوشتووە.
 
قەیرانی ئاوارەكانی سووریا دوای سەرهەڵدانەكەی 2011 دەستیپێكرد. لە هەشت ساڵی رابردوودا، زیاتر لە پێنج ملیۆن سووری كۆچیان كردووە بۆ دەرەوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 3.5 ملیۆنیان لە توركیا نیشتەجێن. هەڵمەتی كوشتاری رژێمی ئەسەد هۆكارێكی سەرەكیی لێشاوی كۆچبەران بۆ دەرەوەی سووریا بووە، بەڵام بەشێك لەو لێشاوەش پەیوەندیی بە سروشتی ئاڵۆز و فرەلایەنبوونی شەڕی نێوخۆی سووریاوە هەیە.
 
حەسەن دەڵێت ئەوان لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە ناچاركران گوندەكەیان چۆڵ بكەن و روو لە توركیا بكەن. بەگوێرەی راپۆرتێكی 2015ی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، تەنانەت خەڵكی كوردی ناوچەكەش ناچاركراون لەو گوندانە نەمێنن. مستەفا بالی، گوتەبێژی هەسەدە، رەتیدەكاتەوە هێزەكانیان هەڵمەتی لەو جۆرەیان كردبێ.
 
بەگوێرەی دوو رێككەوتنی جیاواز كە توركیا لەگەڵ ئەمریكا و رووسیا كردوویەتی، هێزەكانی هەسەدە لە هەردوو ناوچەی گرێسپی و سەرێ كانیێ كشاونەتەوە. رۆژی هەینیش گەڕانی هاوبەشی هێزەكانی توركیا و رووسیا لە ناوچەكانی باكووری سووریا دەستیپێكرد.
 
گوندەكەی حەسەن 16 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای گرێسپییەوە دوورە. خوشكی حەسەن لە ترسی پێكدادانی نێوان هەسەدە و هێزەكانی سەر بە توركیا، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ماڵەوە خۆی شاردبووەوە. بەڵام لە دوای كشانەوەی ئەو هێزانە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و بۆمبی چێنراو دەستیپێكردووە. درێژەكێشانی توندوتیژی هۆكارێكی دیكەیە كە وادەكات ئاوارە سوورییەكان بیر لە چوون بۆ ئەو ناوچانە نەكەنەوە.
 
توركیا لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكە باسی لە خەونی كۆنترۆڵكردنی هەموو ناوچە سنوورییەكانی باكوور و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەكرد، بەڵام لە ژێر گوشاری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رووسیا ناچار بوو ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی لە گرێسپی و سەرێ كانیێ سنووردار بكات. ئەو ناوچەیە نزیكەی 5200 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دیار نییە توركیا چۆن دەیەوێ ملیۆنان ئاوارەی سووری لەو ناوچەیە جێبكاتەوە.
 
ئاوارە عەرەبەكانی سووریا كە پێشتر خوازیاری گەڕانەوە بوون، حەزیان دەكرد توركیا هەموو باكووری وڵاتەكەیان داگیر بكات. یەكێك لەوانە حەسەنە كە پێیوایە ناوچە ئارامەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا "گرتووخانەیە" و دەڵێ: "ئێمە ئاواتمان دەخواست توركیا هەموو ناوچە سنوورییەكە بگرێ".
 
بەگوێرەی راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز)، حكومەتەكەی ئەردۆغان بەڵێنی دروستكردنی 10 شارۆچكەی داوە بە نەخۆشخانە و قوتابخانە و ناوچەی پیشەسازییەوە. مانگی رابردووش مەلزەمەیەكیان بە رۆژنامەنووسە بیانییەكان داوە كە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێ بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی ئەو پرۆژانە سوود لە پارەیەكی نێودەوڵەتی وەردەگیرێ كە نزیكەی 26 ملیار دۆلارە. لە مەلزەمەكەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نەكراوە توركیا ئەو پارەیە لە كوێ دێنێ.
 
ژمارەیەكی كەم لە ئاوارە سوورییەكانی توركیا خەڵكی گرێسپی و سەرێ كانیێ و تەنانەت باكووری سووریان. پلانەكەی توركیا لە سەرێكەوە جێبەجێكردنی پلانێكی لە مێژینەی ئەسەدە كە بریتییە لە دوورخستنەوەی خەڵكی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن لەو ناوچانەی لە هەشت ساڵی رابردوودا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق ماونەتەوە. فوئاد محەممەد، پەنابەرێكی دانیشتووی كانی غەزالان، دەڵێ "بە بڕوای من مانای نییە دانیشووی رەققە و دێرەزوور بەریتە ئەو ناوچانە".