بریندارانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گەیێندرانە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاروانی تەرمی شەهیدان و بریندارانی شەڕی پێنج رۆژەی ئەو دوو گەڕەکە گەیێندرانە ناوچە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ دیمەشق کردووە کە زامنی چوونە دەرەوەی تەرمی شەهیدان، برینداران، سڤیلە گەمارۆدراوەکان و شەڕڤانان دەکات لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
دوای راگەیێندراوەکەی عەبدی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بریندارەکان و تەرمی شەهیدان بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک ئامبوڵانس گەیێندرانەوە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.
ژمارەیەک هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان، بەپیری کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری شەهیدان و بریندارانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە چوون و پێشوازییان لێکردن.
تاوەکو ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە فەرمی ژمارەی شەهید و بریندارەکانی پێنج رۆژی شەڕەکەی رانەگەیاندووە.
6ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و هێرشەکە تاوەکو دوێنێ 10ی مانگ بەردەوام بوو، جگە لە قوربانییەکان، دەیان هەزار خێزان بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاوارە بوون.