هێزە کوردییەکان رازی بوون لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بکشێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاند، بەگوێرەی ئاگربەستێک، رازی بوون هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بکشێننەوە، ئەوەش دوای پێنج رۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا.
سوپای سووریا شەوی شەممە رایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنەکانی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشی خۆسەردا بوو، تەواو کردووە. تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریاش بڵاویکردەوە، ئەو ئەندامانەی ئاسایش کە خۆیان رادەستکردووە، بە پاس بەرەو باکوور دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
سوپا لە رۆژی هەینییەوە، کۆنترۆڵکردنی گەڕەکی ئەشرەفییەی راگەیاندبوو، کە ئەویش لەژێر کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆسەردا بوو.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەنجوومەنی خۆجێی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی دووەم گەورەترین شاری سووریایان پێکهێنابوو.
پێکدادانەکانی ئەم جارە دوای ئەوە سەریانهەڵدا، کە دانوستاندنەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 شکستیان هێنا. رێککەوتنەکە داوای تێکەڵکردنی دامەزراوە و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی ناوەندیی سووریا دەکات.
مەزڵوم عەبدی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "گەیشتینە لێکتێگەیشتنێک کە بووە هۆی ئاگربەست و مسۆگەرکردنی گواستنەوەی شەهیدان، برینداران، هاونیشتمانییانی گەمارۆدراو و شەڕڤانان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودەوە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
ئاژانسى هەواڵى فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، "پاسەکان کە دوایین کاروانی ئەندامانی هەسەدەیان هەڵگرتووە، گەڕەکی شێخ مەقسوودیان لە حەلەب جێهێشتووە و بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەڕۆن."
سەرەتا هەسەدە رەتیکردەوە شەڕڤانان شارەکە جێبهێڵن و رایگەیاند، ئەوەی پاسەکان دەیکەن "کۆچپێکردنی بەزۆر"ی سڤیلەکانە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئاگربەستەکە "بە نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی هێرش و پێشێلکارییەکان دژی گەلەکەمان لە حەلەب" بەدەستهاتووە.
ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا داوایان لە حکومەتی سووریا و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە، بگەڕێنەوە سەر گفتوگۆی سیاسی.
بەپێی ئامارەکانی هەردوولا، شەڕەکە، کە بە سەختترین شەڕ لە دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە کۆتایی 2024ـەوە دادەنرێت، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 30 کەس، کە ژن و منداڵیان تێیدایە. هاوکات پارێزگاری حەلەب رایگەیاند، 155 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
هەردوولا یەکدییان بە دەستپێکردنی پێکدادانەکان تۆمەتبار کردووە.
شەڕەکە رۆژی سێشەممە، 6ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد.
منداڵان "هێشتا لە نێو گەڕەکەکاندان"
لە دەوروبەری شێخ مەقسوود، خێزانەکان کە بەهۆی شەڕەوە گەمارۆدرابوون، بە یاوەریی هێزە ئەمنییەکانی سووریا ناوچەکەیان جێهێشت.
پیاوان منداڵەکانیان بە کۆڵەوە بووە و سواری پاسەکان بوون کە بەرەو پەناگەکان دەڕۆیشتن.
دەیان گەنجی سڤیل لە خەڵکەکە جیاکرانەوە و هێزە ئەمنییەکان ناچاریان کردن لەسەر زەوی دابنیشن پێش ئەوەی بۆ شوێنێکی نادیار بیانگوازنەوە.
بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا بە مەرجی ناونەهێنان بە فرانس پرێسی گوتووە، ئەو گەنجانە "شەڕڤانن" و "دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سووریا." بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشتر رەتیان کردەوە هیچ یەک لەو گەنجانە شەڕڤان بووبن و هێزەکانی حکومەتی بە رەشبگیری تۆمەتبار کرد.
لە دەروازەی گەڕەکەکەدا، عیماد ئەحمەدی تەمەن 60 ساڵ بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆیشت و هەوڵی دەدا مۆڵەتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە وەربگرێت.
ئەو دەڵێت: "چوار رۆژ لەمەوبەر رۆیشتم. چوومە ماڵی خوشکەکەم. نازانم دەتوانین ئەمڕۆ بگەڕێینەوە یان نا."
ناهید محەممەد قەسابی تەمەن 40 ساڵ، کە چاوەڕێی گەڕانەوە بوو، گوتی بەر لە دەستپێکردنی شەڕ بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک لە شێخ مەقسوود رۆیشتبووە دەرەوە.
ئەو گوتی: "سێ منداڵم هێشتا لە نێو گەڕەکەکەدا ماون، لە ماڵی دراوسێکەمانن. دەمەوێت دەریان بهێنم."
راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی حەلەب تاوەکو کاتێکی نادیار درێژکرایەوە.
"گەڕانەوە بۆ دیالۆگ"
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا کۆبووەتەوە و دواتر داوای "گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی"ـی لەگەڵ هەسەدە کرد. ئەوە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی تۆڕی میدیایی رووداو بابەتی گرژییەکانی گەیاندە ژووری کۆبوونەوەی کۆشکی سپی و ترەمپ بە رووداوی گوت، دەیەوێت شەڕەکە بوەستێت.
لە 10ی ئاداری 2025، رێککەوتنێک لە نێوان مەزڵوم عەبدی و شەرعدا واژۆکرا بۆ ئەوەی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بەوانی دیمەشق بکرێن.
بڕیاربوو رێککەوتنەکە ساڵی رابردوو جێبەجێ بکرێت، بەڵام ناکۆکییەکان، بەتایبەتی رەتکردنەوەی داوای کورد بۆ سیستمی ناناوەندی، بووە هۆی وەستانی پێشکەوتنەکان.
شەڕ لە حەلەب ترسی پەرەسەندنی هەرێمیی زیاد کردووە، بەتایبەتی کە تورکیای دراوسێ و هاوپەیمانی نزیکی دەسەڵاتدارە ئیسلامییە نوێیەکانی سووریا، رایگەیاندووە ئامادەیە دەستوەردان بکات.
پێکدادانەکان هەروەها بوونەتە تاقیکردنەوە بۆ توانای دەسەڵاتدارانی سووریا لە یەکخستنەوەی وڵات لە دوای شەڕی ناوخۆی خوێناوی، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو شەڕی تایفەگەری کۆمەڵگەکانی عەلەوی و درووزی لە وڵاتەکە هەژاند.