رێککەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کاردانەوەی شەقامی رۆژئاوا و سووریای لێدەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کاتێكی زۆر هەستیاردا کە دەسەڵاتی نوێی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت؛ لە پڕ ڤیدیۆی رێککەوتنی هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا کەوتە سەر شاشەی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان. ئەمەش کاردانەوەی شەقامی رۆژئاوا و سووریای لێکەوتەوە.
 
8 خاڵ بە واژۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا راگەیێندران.
 
بەشێك لە شەقامی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە دەستکەوتێكی گەورە دایدەنێن و لە قامشلۆ، ئاڵای کوردستان و سووریای نوێ بەرزکرانەوە.
 
مەجدەل حەمزە، هاووڵاتییەکی سووریایی دانیشتووی قامشلۆیە و باس لەوە دەکات، "پیرۆزبایی لە شۆڕشی سووریا دەکەین کە سەرجەم پێکهاتەکان کۆدەکاتەوە، خەڵک خۆشحاڵە بە کۆتاییهێنان بە شەڕ، گەلی سووریا هەمووی یەک دەستە، کورد، عەرەب و کریستیان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە، هەموومان براین لە یەک وڵاتدا".
 
بەگوێرەی خاڵی سێیەم و پێنجەمی رێککەوتنەکە، ئاگربەست لە هەموو سووریا رادەگەیێندرێت و دەبێت حکومەتی سووریا گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم کۆچپێکراوەکان بکات بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان. کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی سوپای تورکیا لە 2018، سەرووی 300 هەزار کوردی عەفرین ئاوارەبوون. لەو کاتەدا دەیان هەزار عەرەبی هاوردە چوونە ناوچەکە و دەستیان بەسەر ماڵوحاڵ و ئاژەڵ و دارستانی کورد دا گرت.
 
مەلەک ئیبراهیم، ئاوارەی عەفرینە و باس لەوە دەکات، "8 ساڵە ئێمە کۆچبەرین، ئینشاڵڵا لەم خێر و خۆشیەدا ئێمەش لەم زوڵم و ستەمە رزگارمان دەبێت و دەگەڕێینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆمان. پیرۆزبایی لە هەموو کورد دەکەم."
 
تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوەی سڤیل و سەربازی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا لە نێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و غاز، خاڵی چوارەمی رێککەوتنەکەیە.
 
خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکە گەرەنتی مافی هەموو سووریاییەکان دەکات لە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی بەدەر لە پێشینەی ئایینی و رەگەزی. خاڵی دووەمیش دەڵێت"کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و ئەو دەوڵەتەش گەرەنتی مافی کورد لە هاووڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی دەکات."
 
لە دیمەشقیش چەند سەت کەسێک لەسەر شەقام ئاهەنگیان گێڕا؛ خوێندنەوەی ئەوان بۆ رێککەوتنەکە، سەوزکردنی ناوچە رەنگ زەردەکەی رۆژئاوای کوردستانە.
 
ئەحمەد، دانیشتووی دیمەشقە و لەبارەی رێککەوتنەکەوە دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا سووریا بە تەواوەتی سەوز بوو لە دوای ئەوەی بەش بەش کرابوو، سوپاسی سەرکردایەتیی سووریا و هەموو موجاهیدینەکان دەکەین کە کاریان لەسەر یەکگرتنی سووریا کرد".
 
رێککەوتنەکە لە دوای پێشهاتە خوێناوییەکەی ناوچەی کەناراوەکانی سووریا هات، کە تێیدا بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی سووریا وەک دەگوترێت؛ کۆمەڵکوژییان  بەرامبەر بە عەلەوییەکانی ناوچەکەد کرد و ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە.