وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاسانکاری بۆ راستاندنی بەڵگەنامەکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کۆنسووڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی وەزیری دەرەوە و کۆچبەران، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، بڕیارێکی نوێ دراوە و بەپێی بڕیارەکە، بۆ راستاندنی بەڵگەنامەکانی خوێندن و بەڵگەنامەکانی باری شارستانی، مەرجی ئامادەبوونی کەسیی یان ئامادەبوونی خزمانی پلە چوار هەڵگیراوە.
 
محەممەد عومەر، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سووریای راگەیاند، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پەرەپێدانی کارەکانی کۆنسووڵخانە و ئاسانکاریی مامەڵەکانە. 
 
هەروەها رایگەیاند، ئەم بڕیارە ئاسانکارییەکی راستەوخۆیە بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا، بەتایبەتی بۆ خوێندکاران و پەنابەران.
 
بەم بڕیارە، هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ پێویستی بە ئامادەکردنی بریکارنامەی یاسایی (وەکالە) و بەبێ گەشتکردن، مامەڵەکانی راستاندنی بەڵگەنامەکانیان (تەسدیق) رایی بکەن.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کۆنسووڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا گوتیشی: "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی خێراکردنی کارەکان و کەمکردنەوەی تێچوو و قەرەباڵخی لە نوێنەرایەتییەکانی کۆنسووڵخانەدا.