نێردەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هەسەدە: هێندە قەرزدارتان نین کە حکومەتێکی سەربەخۆتان هەبێت

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، "هەسەدە، یەپەگەیە و یەپەگەش لە پەکەکەوە سەرچاوەی گرتووە." ئاماژە بەوەش دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێندە خۆی بە قەرزداری هەسەدە نازانێت کە هاوکاریی بکات حکومەتێکی سەربەخۆی لەنێو سووریادا هەبێت.
 
رۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و رۆڵی ئەمریکا، تۆم باراک گوتی، "هەسەدە، یەپەگەیە؛ یەپەگەش لە پەکەکەوە سەرچاوەی گرتووە. یەپەگە لە پەکەکە جیابووەوە کە ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵدا کرد بۆ شەڕی دژی داعش."
 
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لەبارەی بەرپرسیارێتیی واشنتن بەرامبەر کوردی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "هەستێکی گەورە هەیە کە مادەم ئەوان هاوبەشی ئێمە بوون، ئێمە قەرزداریانین. پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە قەرزداری چین؟ ئێمە قەرزداری ئەوەیان نین کە توانای ئەوەیان هەبێت حکومەتی سەربەخۆی خۆیان لەنێو حکومەتێکی دیکەدا هەبێت، بەڵکو قەرزداری ئەوەیانین رێگەیەکیان بۆ خۆش بکەین بۆ چوونە نێو رژێمێکی نوێ، کە تێیدا ژیری هەبێت لەسەر چۆنێتیی تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەک حکومەتی سووریادا."
 
باراک رەتیکردەوە ئەمریکا دژی فیدراڵیزم بێت، ئەو پرسەی گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی حکومەتی سووریا و گوتی، "سووریا هەڵوێستی وەرگرتووە کە ناتوانرێت سووریایەک لەسەر بنەمای فیدراڵیزم هەبێت.. تەنیا یەک دەوڵەت دەبێت. ئەمە ئەوەیە کە حکومەتی سووریا دەیڵێت، نەوەک ئەوەی ئەمریکا یان رووسیا یان چین دەڵێن."
 
نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی ئاراستەی لایەنەکانی نێو سووریا کرد و گوتی، "ئێمە ئێوە کۆدەکەینەوە، نێوبژیوانی دەکەین، نێوەندگیری دەکەین، بەڵام نامێنینەوە... ئێمە بۆ تاهەتایە لەوێ نابین وەک دایەن و نێوەندگیر."
 
باراک هۆشداریی بە هەسەدە دا و گوتی، "ئەوان [هەسەدە] هەست دەکەن ئەمریکا بەرامبەریان بەرپرسیارە. ئەمریکا دەڵێت، بەڵێ، ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەرتان کە ژیرانە مامەڵە بکەن، بەڵام ئەگەر ئێوە ژیرانە مامەڵە نەکەن، ئەوا جێگرەوەیەکی دیکە لەئارادا دەبێت."
 
تۆم باراک دانی بەوەدا نا کە کورد لە مێژوودا تووشی نائومێدیی بوون، ئاماژەی بە رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە داهاتوو لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودایە و گوتی، "هەوڵ دەدەین رێڕەوێک دابین بکەین و دەڵێین، رێگەیەکی روونتان لەبەردەمدایە و هەمووتان دەبێت بڕیار بدەن چۆن تێکەڵ دەبن؛ بەڵام تەنیا یەک وڵات دەبێت، 6 وڵات دروست نابن."