لە دێرەزوور داعش "23 سەربازی سوپای سووریا" دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی داعشدا بۆ سەر سوپای سووریا لە دێرەزوور لانیکەم 23 سەرباز کوژراون و زیاتر لە 10 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 11ـی ئابی 2023، سەرچاوە خۆجێیەکان بە پشتبەستن بە تۆڕەکانی هەواڵی نێوخۆی سووریا بڵاویانکردەوە، چەکدارانی داعش لە پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هێرشیان کردووەتە سەر پاسێکی سوپای سووریا و لە ئەنجامدا "23 سەربازیان کوشتوون و 10ی دیکەشیان بریندار کردوون."
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هێرشەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە روویداوە و لە هێرشەکەشدا چەندین سەربازی سوپای سووریا بیسەروشوێن بوون.
ماوەیەکە هێرشەکانی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان زیادیانکردووە.
ئێوارەی رۆژی 07-08-2023 چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە ناوچەیەکی پارێزگای رەققە و 10 سەربازی سوپا و چەکداری سەر بە حکومەتیان کوشت و شەش سەربازی دیکەیان بریندار کرد.
بەشێکی زۆری پارێزگای رەققەی سووریا بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێگەیەکی بەهێزی داعش بوو و شارەکەش پایتەختی خەلافەتەکەی بوو کە ساڵی 2014 رایگەیاند، بەڵام لە ساڵی 2017دا هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش شارەکەیان لە دەست چەکدارانی داعش دەرهێنا.
لە ئاداری 2019یشدا هەسەدە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشی لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کۆنترۆڵ کردەوە کە باغۆز بوو. لەوکاتەوە رێکخراوەکە ناوە ناوە هێرشی چەکداری دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و شەڕڤانانی هەسەدە و سوپای سووریا.