دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کوشتنی کەسێک لە سوەیدا، سووریا بەڵێنی لێپرسینەوە دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک، لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە بەرپرسن لە کوشتنی پیاوێکی بێ چەک لە نەخۆشخانەیەکی سوەیدای زۆرینە درووز.
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەنجامدەران لێپرسینەوەیان لێدەکرێت و رووبەڕووی دادپەروەری دەکرێنەوە، سەر بە هەر لایەنێک بن."
 
13ی تەممووز شەڕ لەنێوان چەکدارانی درووزی ناوچەکە و هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، بەڵام تووندوتیژییەکان بە خێرایی پەرەیانسەند و هێزە ئەمنییەکانی سووریا و ئیسرائیلیش دەستوەردانیان کرد، کە بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە کۆتاییدا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1600 کەس، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلی درووز بوون.
 
بەرپرسانی سووریا رایانگەیاندووە، هێزەکانیان دەستوەردانیان کردووە بۆ راگرتنی پێکدادانەکان، بەڵام شایەتحاڵان، گرووپە درووزییەکان و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباریان دەکەن بە پشتیوانیکردن لە دەشتەکییەکان و ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی درووزەکان، لەوانەش کوشتن بێ دادگاییکردن.
 
میدیای سوەیدا و روانگەی سووری رۆژی یەکشەممە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، گرتەکە لە کامێرای چاودێریی نەخۆشخانەکەوە وەرگیراوە.
 
لە ڤیدیۆکەدا، چەند چەکدارێک بە جلی سەربازییەوە دەردەکەون کە دوای دەمەقاڵێیەکی کورت، پیاوێک بە گولـلە دەکوژن. میدیای سوەیدا دەڵێت، پیاوەکە ئەندازیارێک بووە کە بە خۆبەخش لەگەڵ تیمی نەخۆشخانەکە کاری کردووە. لەکاتی رووداوەکەدا، کۆمەڵێک کەس بە جلی کارمەندی تەندروستییەوە لەسەر زەوی کەوتوون.
 
پیاوێکی دیکە کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، رووداوەکە لە 16ی تەممووز روویداوە.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رووداوەکەی بە "لەسێدارەدانێکی مەیدانیی شۆکهێنەر" ناوبرد، کە لەلایەن "ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ"وە ئەنجامدراوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە و چەند ڤیدیۆیەکی دیکە، کە مانگی رابردوو بڵاوبوونەوە و تێیاندا دەرکەوت هێزە حکومییەکان هاووڵاتیی سڤیل دەکوژن، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ داوای لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان کرد.
 
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، بەرپرسێکی "بۆ سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان" راسپاردووە، "بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی تاوانباران دەدۆزرێنەوە و بە زووترین کات دەستگیر دەکرێن."
 
کۆتایی مانگی رابردوو، دەسەڵاتداران پێکهێنانی لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی سوەیدا راگەیاند، کە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا ئەنجامەکانی پێشکێش بکات.
 
بەڵام چالاکڤانان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکەن بۆ وردبوونەوە لە توندوتیژییەکان.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ناوەندی دادپەروەری و لێپرسینەوەی سووریا"، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە "پێویستە لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ بچنە سوەیدا" و کوشتنی کارمەندە تەندروستییەکەشی بە تاوانی جەنگ ناو برد.
 
سەرەڕای ئاگربەست، دۆخی سوەیدا هێشتا ئاڵۆزە و چوونەنێو پارێزگاکە کارێکی زەحمەتە.
 
دانیشتووانی ناوچەکە حکومەت بە سەپاندنی گەمارۆ تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەرپرسان ئەو قسەیە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بە گەیشتنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی دەکەن.