دوو ئەندامی داعش لەسەر تەقینەوەکەی حومس دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی دوو چەکداری سەر بە رێکخراوی داعشی راگەیاند و دەڵێت، بەرپرسن لە تەقینەوە خوێناوییەکەی مانگی رابردووی مزگەوتێک لە شاری حومس.
 
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ناسنامەی دوو دەستگیرکراوەکەی بە ناوەکانی "ئەحمەد عەتەڵڵا ئەلدیاب و ئەنەس ئەلزەڕاد" ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەوان لە پشت تەقینەوەکەی گەڕەکی وادی زەهەبەوە بوون لە شاری حومس.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر "چەندین بۆمبی چێندراو، چەکی جۆراوجۆر و بڕێکی زۆر تەقەمەنیی جیاوازدا گیراوە"، هەروەها بەڵگەنامە و بەڵگەی دیجیتاڵیش دۆزراونەتەوە کە تێوەگلانیان دەسەلمێنن.
 
رۆژی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، تەقینەوەیەک مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیبی لە گەڕەکی وادی زەهەب (کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەلەوین) کردە ئامانج. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 8 کەس.
 
سەرەڕای ئەوەی حکومەت داعش تۆمەتبار دەکات، بەڵام گرووپێک بە ناوی "سەرایا ئەنسار ئەلسوننە" بەرپرسیارێتیی خۆی راگەیاندبوو. شارەزایان دەڵێن، ئەو گرووپە زۆرجار وەکو "رووکەشێک" بۆ چالاکییەکانی داعش کار دەکات.
 
لەوکاتەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد رووخاوە، ئەمە دووەم هێرشە کە شوێنێکی ئاینی لە سووریا بکاتە ئامانج. پێشتر لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کەنیسەیەک لە دیمەشق روویدا.
 
هەرچەندە داعش ساڵی 2019 لە رووی جوگرافییەوە شکستی هێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی لە بیابانەکانی سووریا ماون. هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی "فەرماندەی سەربازیی ویلایەتی شام"ـی رێکخراوەکەی راگەیاندبوو.