کوردانی حەلەب دەگەڕێنەوە ماڵە وێرانبووەکانیان؛ "4 رۆژە کچەکەم خواردنی دەستنەکەوتووە"
رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە، پاشماوەى تۆپبارانکردنى گەڕەکی شێخ مەقسوودە؛ دانیشتووانى لە ناو وێرانکارییەکی زۆردا دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی دەدەن.
یەحیا ئەلسۆفی، کاسبکارە و باس لەوە دەکات، "لە ژێر گولـلەباراندا ماڵەکانمان جێهێشت؛ کاتێک گەڕاینەوە بینیمان دیوارەکان کون کون بوون و هەموو کەلوپەلی ناو ماڵەکانمان تاڵان کرابوون."
ئێستا سوپای عەرەبیی سووریا تەواوی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی کۆنتڕۆڵ کردووە و رێگە بە گەڕانەوەی تەواوی دانیشتووانەکەی نادرێت.
بەهۆی ئەم شەڕەوە زیاتر لە 155,000 هاووڵاتی ئاوارە بوون کە زۆربەیان کوردن و لە ناوچەکانی دیکەی حەلەب و باکووری سووریا لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا دەژین.
مەریەم ئەلفەهد، دانیشتووی شێخ مەقسوودە و باس لەوە دەکات، "کچەکەم 4 رۆژە خواردنی دەستنەکەوتووە و لە ترسا خەومان لێ نەکەوتووە؛ هیچ داهاتوو و هیوایەکمان بۆ نەماوەتەوە و نازانین چی بکەین."
ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، بە تەواوی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق و چارەنووسی دانیشتووە کوردەکانی کە ئێستا ئاوارەن بە نادیاریی ماوەتەوە.
بەهۆی تاڵانکردن و وێرانبوونی ژێرخانی گەڕەکەکانەوە، زۆربەی خێزانەکان هێشتا بێ پەناگە ماونەتەوە.