ئەمریکا بنکەی تەنەفی چۆڵکرد و سوپای سووریا شوێنەکەی گرتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرچاوەی سەربازیی سووریا رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە بنکەی سەربازیی "تەنەف" لە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، عێراق و ئوردن کشانەوە و بەرەو خاکی ئوردن ڕۆیشتوون.
 
سەرچاوەیەکی سەربازی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە پڕۆسەی کشانەوەکە کۆتاییهاتووە و هێزەکانی ئەمریکا گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی لە ناو خاکی ئوردن. هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد، پڕۆسەی گواستنەوەی کەرەستە و کەلوپەلە لوجستی و سەربازییەکان ماوەی 15 رۆژە بەردەوامە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان، هێزەکانی سوپای سووریا لە بنکەی تەنەف جێگیر دەبن، بەڵام هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بنکەکە بەردەوام دەبێت.
 
ئەم کشانەوەیە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دێت. حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی کردووەتەوە و لە سەردانەکەی دا بۆ کۆشکی سپی لە مانگی تشرینی دووەم، رەزامەندیی نیشاندا سووریا بچێتە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
 
واشنتن رایگەیاندووە، پێویستیی مانەوەی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ کوردەکان "تا رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە"، ئەمەش وایکردووە گوشارەکان لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیاد بن.
 
لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی خاکی سووریا دا، مانگی رابردوو هەسەدە دوای لەدەستدانی چەند ناوچەیەک، رێککەوتنی لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد، بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکان و ئیدارە خۆجێییەکەیان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ئەمریکا سەرقاڵی گواستنەوەی نزیکەی حەوت هەزار چەکداری داعشە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئێستا چڕبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا زیاتر لە بنکەی "قەسرەک"ـە لە پارێزگای حەسەکە.
 
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی جوگرافی داعش، بەڵام ئەو رێکخراوە هێشتا مەترسییەکی ئەمنی ماوە. لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری دا لە تەدمور، دوو سەرباز و مەدەنییەکی ئەمریکی کوژران، کە دواتر واشنتن بە بۆردوومانی ئاسمانی وەڵامی دایەوە.