نەتەوە یەکگرتووەکان: پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع و وەزیرەکانی سووریا دراوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو پێنج هەوڵی جیاواز بۆ تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و دوو وەزیری باڵای حکومەتەکەی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە داعشەوە کراون، بەڵام هەموو پیلانەکان پێش جێبەجێکردنیان شکستیان هێناوە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە، 11ـی شوبات، لە راپۆرتێکی نوێدا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع و هەریەکە لە وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا کراونەتە ئامانجی گرووپێکی چەکدار بەناوی (سەرایا ئەنسارولسوننە) کە وەک بەرگێک بۆ رێکخراوی داعش کار دەکات.
ئەم هەوڵانە لە هەردوو پارێزگای حەلەب لە باکوور و دەرعا لە باشووری وڵاتەکە دراون.
بەپێی راپۆرتەکە کە لەلایەن نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاندووە، داعش دەیەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە هێرشانەوە سوود لە "بۆشایی ئەمنی و نادیاریی بارودۆخەکە" وەربگرێت.
گۆتێرێز گوتی، "ئەم هەوڵانە بەڵگەی ئەوەن کە داعش هێشتا مەترسییەکی جیدییە و بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵی لاوازکردنی حکومەتی نوێی سووریا دەدات." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە سێبەرەکان توانایەکی زۆریان بە داعش بەخشیوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ.
لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، کە داعش هێشتا خاوەنی نزیکەی 3,000 چەکدارە لە عێراق و سووریا، کە زۆربەیان لەنێو خاکی سووریادان و بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان.
راپۆرتەکە ئاماژەی بە هێرشێکی 13ـی کانوونی یەکەمی رابردوو کردووە لە نزیک تەدمور، کە تێیدا دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی ئەمریکی کوژران، ئەمەش وایکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوانتر بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش بدات.
راپۆرتەکە لەلایەن نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکرابوو و پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرا.
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر سەرۆکی دەستەی تەحریری شام بوو، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـەوە و دوای رووخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست.
حکومەتەکەی شەرع لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
جەنگی نێوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکرد، یەکێک بوو لە خوێناویترین ململانێیەکانی سەدەی 21، کە تێیدا رێکخراوی داعش توانی بۆ چەند ساڵێک رووبەرێکی فراوان کۆنتڕۆڵ بکات، بەرلەوەی لە ساڵی 2019ـدا لە رووی سەربازییەوە تێکبشکێندرێت.