وەزارەتی بەرگریی سووریا بنکەی تەنەفی وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، یەکەکانی سوپا بنکەی سەربازیی تەنەفیان لە باشووری سووریا وەرگرتووەتەوە.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە بنکەی سەربازیی تەنەف لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ئوردن گواستووەتەوە.
 
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە ساڵی 2016دا بنکەی سەربازیی تەنەفیان لە ناوچەی 55 کیلۆمەتری لە رۆژهەڵاتی حمس، لە نزیک سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، ئوردن و عێراق دامەزراندبوو.
 
پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە وەرگرتنەوەی بنکەکە "بە هاوئاهەنگی لە نێوان سووریا و ئەمریکا بووە".
 
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە یەکەکانی سوپا "دەستیان بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لەسەر سنووری سووریا، عێراق و ئوردن لە بیابانی تەنەف کردووە."
 
هەروەها وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە: "هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە وەزارەتی بەرگری، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن و لە ناوچەکەدا جێگیر دەبن."