سووریا هۆشداری لە دواخستنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا هۆشداری دەدات لەوەی کە دواخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە دەبێتە هۆی "درێژکردنەوەی پشێوی" لە وڵاتدا.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی، سووریا "رێککەوتنی نیشتمانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات جێبەجێ دەکات و هەموو ئەو ناوچانە دەخاتە ژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەتی ناوەندی."
رۆژی 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "ئەم پرۆسەیە ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام پێویستە"، هەروەها پێیوایە "دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە پشێوی درێژتر دەکاتەوە، دەرگا بۆ دەستوەردانی بیانی دەکاتەوە و ئاگری ئارەزووە جیاییخوازەکان خۆش دەکات".
شەیبانی گوتیشی، "ئامانجمان زاڵبوون نییە، بەڵکو یەکگرتنە. ئێمە حەزدەکەین رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و بەهیواین کە لایەنەکەی دیکەش بە جیددی پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا هۆشداری دا، کە "یەکپارچەیی خاکی سووریا جێگەی گفتوگۆ نییە، چونکە سووریا دەوڵەتێکی یەکگرتووی دابەشنەکراوە و خاوەنی سەروەری خۆیەتی و هەر بەمشێوەیەش دەمێنێتەوە."
لەبارەی مافەکانی کوردیش گوتی، "مافەکانی هاووڵاتییانی کوردیش بەشێوەیەکی یەکسان وەکو هەموو خەڵکی سووریا، دەپارێزرێت و گەرێنتی دەکرێت."