پارێزگاری پێشووتری حەسەکە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا دەستگیرکردنی جایز موسا، سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە سەردەمی بەشار ئەسەد و پارێزگاری پێشووتری حەسەکەیان راگەیاند. جایز لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. یەکێک لە تۆمەتە سەرەکییەکانیشی بەشداربوونییەتی لە هێرشە کیمیاییەکان.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە "ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا" جایز موسایان دەستگیرکردووە.
دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا دێت کە دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە دژی ئەو بەرپرسە سەربازی و ئەمنییانە دەستیانپێکردووە کە لە شەڕی نێوخۆی سووریادا تێوەگلاون لە ئەنجامدانی "تاوان و پێشێلکاری بەرامبەر خەڵکی سڤیل".
جایز موسا زیاتر لە 40 ساڵ لەنێو سوپای سووریادا خزمەتی کردووە؛ لە سەرەتای ساڵی 2015 بووە سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانی، پێشتریش فەرماندەیی فیرقەی 20 بوو کە شەش فڕۆکەخانەی سەربازیی لەژێر دەستدا بوو. جایز موسا هەروەها بەرپرسی هاوئاهەنگی بوو لەگەڵ هێزەکانی رووسیا، کاتێک لە ساڵی 2015 دەستوەردانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە سووریادا دەستیپێکرد.
جایز موسا خەڵکی پارێزگای دێرەزوورە و دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی 2016 وەک پارێزگاری حەسەکە دیاریکرا. یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2017دا ناوی خستە لیستی سزاکانەوە و رایگەیاند، بەرپرسە لە "سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خەڵکی سڤیل و ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی".
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا چەندین بەرپرسی باڵای سەردەمی پێشوویان دەستگیرکردووە. مانگی رابردووش یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو بەرپرسە باڵایانە دەستیپێکرد، ئەوەش وەک بەشێک لە پابەندیی حکومەتی نوێ بۆ "بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان و بنەماڵەکانیان".
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتدارانی سووریا دەستگیرکردنی دوو جەنەراڵی دیکەی سەردەمی ئەسەدیان راگەیاند کە یەکێکیان تۆمەتبار بوو بە تێوەگلان لە هێرشە کیمیاییەکەی ساڵی 2013 بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات.