نێردەی ئەمریکا: سووریا بە خێرایی کار بۆ سوود وەرگرتن لە دەرفەتی هەڵگرتنی سزاکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی سووریا دەیانەوێت سوود لە دەرفەتی هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەیەوە وەربگرن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکاندا باش بکەن.
رۆژی شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "تێبینی دەکەم کە سووریا بە خێرایی کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەی لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بە هەڵگرتنی سزاکان پێشکەشیان کراوە، لەوانە وەبەرهێنان لەلایەن تورکیا و وڵاتانی کەنداو، پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەبوونی دیدگایەکی روون بۆ داهاتوو."
رۆژی 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ بڕیارێکی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە مانگی ئایاردا لە سەردانێکیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاندبوو، ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
لەو سەردانەدا، ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کەوت، کە لە مانگی ئاداردا حکومەتەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد لەژێر گوشاری هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا رووخا.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەشڵێت، "دەتوانم دڵنیایی بدەم کە سەرکردەکانی سووریا بەیەکەوەژیان و خۆشگوزەرانی یەکدییان لەگەڵ لوبنان دەوێت و ئەمریکاش پابەندە بە پشتگیریکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوان دوو دراوسێی یەکسان و خاوەن سەروەری بۆ ئەوەی لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بن".
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2025، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. دواتر، حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە دروستکرد.
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و لوبنان گرژی زۆریان تێکەوت. بەیروت رەخنەی ئەوەی لە دیمەشق دەگرت کە کاری پێویست بۆ گەیشتنی چەک بۆ وڵاتەکەیان ناکەن و ناوە ناوەش گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە تەقە لەنێو خاکی وڵاتەکەیان دەکەن.